*د. ئیسماعیل نامیق
کاک نەوشیروان خۆی ئەم روداوەی بۆ باسکردم:
لەسەر ماددەی سێی دەستور کێشەیەکی گەورە کەوتە نێوان ئێمە و عەرەبەکانەوە. عەرەبەکان دەیانویست ماددەکە بەم شێوەیە بێت: عێراق بەشێکە لە نەتەوەی عەرەب.
ئێمە زۆر دژی بووین، چەند رۆژێک لە سەر ئەو ماددەیە راوەستاین، ناکۆکیەکانمان ئەوەندە گەورە بوون، کار گەیشتە ئەوەی کارەکانی لیژنەکە رابوەستێنرێن و پەکبخرێن.
رۆژێک مام جەلال ھات و پێشنیازی کرد ماددەکە بەم شێوەیە بێت: عێراق ئەندامی دامەزرێنەری کۆمکاری عەرەبیە. ئەو پێشنیازەی کردوو سەفەری کرد بۆ ئێران.
عەرەبەکان ھەر فشاریان ئەکرد، تا بەیانییەک جۆرج دەبلیو بۆش تەلەفۆنی بۆ کاک مەسعود کرد، داوای لێکرد رازی بین بە داوای عەرەبەکان، بەڵام کاک مەسعود داواکەی بۆشی قبوڵ نەکرد. کە تەلەفۆنەکە تەواو بوو، کاک مەسعود رویکردە من وتی خۆت ئەزانی ئەوە بۆش بوو، داوای ئەکرد بەداوای عەرەبەکان رازی بین، تۆ ئەڵێی چی؟
وتی منیش پێم وت: بە ھیچ شێوەیەک بە داوای عەرەبەکان رازی مەبە، ئەگەر ھەر سەپاندیشیان، وەرە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ئەکەین، من وەکو نوێنەری یەکێتی لە پێش تۆوە قسە ئەکەم و ئەڵێم بەوە رازی نین، بۆیە ئێمە وەکو کورد بەشداری لەم لیژنەیەداناکەین و ئەگەڕێینەوە بۆ کوردستان. وتی: کاک مەسعود زۆر دڵی بەم وەڵامەی من خۆشبوو، وتی: زۆر باشە. ئیتر عەرەبەکان نەیانتوانی ئەو دەقە بسەپێنن، دەقەکە بەم شێوەیە دانرا:
عێراق وڵاتێکی فرە نەتەوە و ئایین و ئاینزایە، ئەندامێکی دامەزرێنەر و چالاکی کۆمکاری عەرەبیە و پابەندە بەپەیماننامەکەیەوە، ھەروەھا بەشێکە لە جیھانی ئیسلامی.
*ئهندامی پێشوتری جڤاتی نیشتیمانی بزوتنهوهی گۆڕان
