یەدەگی بیانیی عێراق زیاتر لە ٧٩ ملیار دۆلارە

ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیران: یەدەگی بیانیی عێراق زیاتر لە ٧٩ ملیار دۆلارە و دۆخی دارایی سەقامگیرە
مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاشکرایکرد کە یەدەگی دراوی بیانیی عێراق لە ئاستێکی ئارام و سەقامگیردایە، بەڵام هاوکات جەختی لە گرنگیی وریایی لە ڕاگرتنی هاوسەنگیی دارایی وڵات کردەوە.
بەپێی خەمڵاندنەکانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، قەبارەی یەدەگی بیانیی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٦ بە ٧٩.٢ ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت، کە ئەم بڕە بەشی داپۆشینی تێچووی هاوردەکردنی کاڵا و خزمەتگوزارییەکانی ٩.٦ مانگی وڵات دەکات.
ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیران ڕوونی کردەوە، کە بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان، دابینکردنی تێچووی هاوردەکردنی زیاتر لە شەش مانگ بە ئاستێکی ئارام هەژمار دەکرێت. لەگەڵ ئەوەشدا هۆشداریی دا لە بەردەوامیی دابەزینی قەبارەی یەدەگ لە داهاتوودا کە دەکرێت فشار لەسەر ئاستی ئارامیی دارایی دروست بکات.
مەزهەر محەمەد ساڵح جەختی لە ڕۆڵی یەدەگی بیانی کردەوە لە پاراستنی بەهای دینار و توانای بانکی ناوەندی بۆ پڕکردنەوەی خواستی دۆلار. هەروەها پشتبەستنی ڕەهای ئابووریی عێراقی بە داهاتی نەوت وەک مەترسییەکی سەرەکی ناوبەرد و بە پێویستی زانی کە سیاسەتی نەختینەیی بانکی ناوەندی سەربەخۆ بێت و خەرجییە بەکاربردنەکان کەم بکرێنەوە لەگەڵ گەشەپێدانی داهاتە نانەوتییەکان.
spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە