مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پێویستە لە زووترین کاتدا پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە و هەنگاوەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکەن.
وتیشی،” لە ئایندەیەکی نزیکدا هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە، ئاماژەی بەوەش کرد، “کۆبوونەوەی لووتکە” لە نێوان سەرکردایەتی هەردوولا پاش کۆبوونەوەی شاندی هەردوو حزب ئەنجام دەدرێت”.
سەبارەت بە لێکنزیکبوونەوەی لایەنەکان، مەحمود محەمەد وتی: “پێش رووداوەکان ناکەوین، کاتێک کۆبوونەوەکان ئەنجامدران دەتوانین بە روونی قسە لەسەر ئەنجامەکان بکەین.” جەختیشی کردەوە، مێزی گفتوگۆ تەنیا شوێنە بۆ چارەسەرکردنی هەموو ئەو بابەتانەی کە ماونەتەوە.
لەبارەی دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردن و ماوەی یاسایی پەرلەمان، وتەبێژی پارتی رایگەیاند: “ئەگەر گەیشتینە ئەو بڕوایەی رێگەیەک هەیە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێ، ئەو کاتە پێویست ناکات پێشوەختە بڕیار بدەین کە سێ ساڵ یان چوار ساڵ بۆ هەڵبژاردن دیاری بکرێت، بەڵکو ئەو بابەتە لە کاتی خۆیدا بڕیاری لێ دەدرێت.
