وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کۆمپانیاکانی نەوت دەستیان بە کارەکانیان کردووەتەوە و ئاستی بەرهەمهێنان گەیشتووەتە نزیکەی 230 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، هەروەها ئاماژە بەوە دەکات ئەگەر بەغدا تێچووی پاڵاوتن وەک ناوەڕاست و خوارووی عێراق هەژمار بکات، دەتوانن بەنزین بە 450 دینار بدەنە هاووڵاتییان.
کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان (بە وەکالەت) بە میدیای پارتی ڕاگەیاند: پرۆسەی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووەتەوە و هەموو کۆمپانیاکان گەڕاونەتەوە سەر کارەکانیان.
باسی لەوەش کرد، ئاستی بەرهەمهێنان لە ئێستادا لە نێوان 220 بۆ 230 هەزار بەرمیلدایە لە رۆژێکدا و بەشێکی بۆ پێداویستیی ناوخۆ بەکاردەهێندرێت.
وەزیری سامانە سروشتییەکان روونیکردەوە، سەرجەم کێڵگە نەوتییەکان دەستیان بە بەرهەمهێنان کردووەتەوە، تەنیا کێڵگەی سەرسەنگ نەبێت، کە بەهۆی چەند هێرشێکی درۆنی، زیانی بەرکەوتووە و هێشتا دەستیپێنەکردووە.
وەزیری سامانە سروشتییەکان ئاماژەی بەوە کرد، کێشەی بەنزین تا رادەیەکی باش چارەسەر کراوە، بەڵام بۆ ئەوەی بە یەکجارەکی کێشەکە نەمێنێت، پێویستە حکوومەتی فیدراڵ پشکی هەرێمی کوردستان بدات.
وتیشی: “حکوومەتی فیدراڵی تێچووی پاڵاوتنی هەر بەرمیلێک نەوت بۆ پاڵاوگەکانی خۆی بە پێنج هەزار و 900 دینار (نزیکەی چوار دۆلار) هەژمار دەکات، بەڵام بۆ پاڵاوگەکانی هەرێمی کوردستان بە 16 دۆلارە. هەر کاتێک بەغدا ئەو نەوتەی دەیداتە هەرێم بە چوار دۆلار بۆمان هەژمار بکات، ئێمەش بێگومان بەنزین بە 450 دینار دەدەینە هاووڵاتییان”.
هاوکات جەختی لەوە کردەوە پێویستە بڕی پاڵاوتنی نەوت لە هەرێمی کوردستان زیاد بکرێت، چونکە لە ئێستادا رۆژانە تەنیا 50 هەزار بەرمیل دەپاڵێورێت، لە کاتێکدا خواستی ناوخۆیی دەگاتە 140 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.
لەبارەی دانوستانەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بەنزین، وەزیری سامانە سروشتییەکان ئاماژەی بەوە دا، رۆژانی 26 و 27ـی ئەم مانگە لەگەڵ لیژنەی نەوت و غازی پەرلەمان و وەزارەتی نەوتی عێراق کۆبوونەتەوە؛ ئێستاش چاوەڕێی راسپاردەی ئەو لیژنەیەن بۆ عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، تا بزانرێت چ بڕیارێک لەو بارەیەوە دەدرێت. دووپاتیشی کردەوە، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ هەر بڕیارێک بدات، پێوەی پابەند دەبن.
