عەبدولواحێد محەمەد – نووسەر
ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، لەوەتەی خۆی ناسیوە، وەکو هێزی سەرەکی جیهان، بە تایبەت دوای هەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤیەتی جاران، بە ئاشکرا و بە نهێنی دەستوەردانی لە زۆربەی کێشە نێودەوڵەتییەکان کردووە، هەر جارێ لە ژێر دروشمێک، کەڕەتێک لە ژێر ناوونیشانی پاراستنی مافی مرۆڤ، کەڕەتێکیش بە بیانوی پاراستنی ئەمنیەت و شەڕ لە دژی تیرۆر، کەڕەتێکیتریش بۆ ئەو عینوانەی خۆی مەیلی ئەوەی هەبووە دای بتاشی بۆ بەرجەستەکردنی ویستە شەڕانگیزیەکانی، هەندێ جاریش بە تەکلیفکردنی ئەم وڵات و ئەو وڵات، بۆ مۆنۆپۆڵکردنی سەروەت و سامان و بەرژەوەندیە تایبەتیەکانیان، لەسەر حیسابی گەل و وڵاتانیتر.
ئەوەی مێژوو بۆی تۆمارکردووین یان ئەوانەی خۆمان دیومانە، لە هیچ شەڕێک لەو شەڕانەی ئەو وڵاتە کردوویەتی، لە ژێر ئەو ناوونیشانانەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێداون، بە رەهاییەتەوە سەرکەوتو نەبووە، یان دوای زەرەر و زیانێکی زۆر هەڵاتوە، یان وڵاتەکەی بە کاولی بە جێهێشتوە، بۆ ئەوە نمونە زۆرە، تەنها ئاماژە بە دەستوەردان لە ئەفغانستان دەکەین، ئەوەش حیکایەتەکەی دوور و درێژە، تەنها باسی ئەوە دەکەین کە چۆن بە هاوکاری گروپ و دەستە و تاقمە جیاوازەکان، دەسەڵاتی تالیبانیان لە١٢ تشرینی٢٠٠١ ڕووخاند، لە جێیدا دەسەڵاتێکی مەیلەو علمانیان دانا، دوای بیست ساڵ و تەپوتۆزی شەڕ لە ١٥ ئابی ٢٠٢١ ئەمریکیەکان پشتیان داو بە هەڵەداوان هەڵاتن، هەموو کەلوپەل و ئامرازی سەربازی و تەنانەت دۆستە نزیکەکانی خۆشیان بە شەرمەزاریەکی زۆرەوە بۆ تالیبانەکان، دوژمنە کۆنەکەیان بەجێهێشت، تالیبان بەو هەموو پاشخانە خراپە و دژە مەدنیەتە هاتنەوە سەر دەسەڵات، نمونەیتر زۆرە بۆ سەلماندنی راستی ئەو بۆچونەم، بەڵام بەوە ئیکتیفا دەکەم.
ئەوەی لێرە مەبەستمە باسی بکەم، شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیلە لە لایەک، لە لایەکیتر ئێران کە نزیکەی شەش مانگە دەستی پێکردووە، سەرەتا دەمەوێ ئەوە بە بیر هەموو لایەک بهێنمەوە، ئەو شەڕە بە ئاشکرا شەش مانگە، بەڵام لە ئەسڵدا ئەوە ٤٧ ساڵە، واتە لەگەڵ روخانی شا و دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی، ئەو شەڕە بە دیوە ساردەکەی هەر هەبووە، تەنانەت شەڕی عێراق و ئێرانیش بەشێکی دانەبڕاوی سیناریۆیی ئەمریکا و کلک و گوێیەکانی بوو، بینیشمان عێراق و ئەو دەوڵەتانەی لە پشتیەوە بوون چۆن دۆڕاندیان کە تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت گەلانی عێراق باجەکەی دەدەن.
لەوکاتەوە بە دواوەش ئەمریکا وازی لە ئێران نەهێنانەوە، بەردەوام بووە لە سیاسەتی نە شەڕ و نە ئاشتی، بێگومان ئێرانیش لە بەرامبەر ئەوەدا دەستەوەستان نەبووە، بە جۆرەها رێگە خەریکی ئامادەکاری بوونە، وەک ئەوەی شەڕێکیان لە پێش بێت، دواجار وا دەرچو، لە ٢٨ شوباتی٢٠٢٦ بە هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ئاگری شەڕەکە لە ژێر کۆمەڵێک عینوانەوە وەک:
١-لە ناوبردنی کورە ئەتۆمیەکان.
٢-لە ناوبردنی بەرنامە موشەکیەکەی
٣-دەستوەرنەدان لە کاروباری دەر و درواسێ و وڵاتان.
لە براچەیدا و هەرچی چەک هەبوو جگە لە چەکی ئەتۆمی هەموی تێدا بەکارهێنرا، دیارە بە چەند قۆناغێکیش بەڕێوەچوو، لێ ئێران سەرباری زیانی زۆری گیانی و ماددی، تەقەی سەری هات و ئەویش شەلم کوێرم هیچ نابوێرم، لە هەموو ئەو شوێنانەی دەدا بە ئیسرائیلیشەوە کە ئاگریان لێیەوە بۆ دەهات، شەڕەکە بە تەواوی گەرمببوو و خەریک بوو زۆر فراوان ببێت، بە تایبەت بە هاتنە پێشەوەی گروپ و لایەنەکانی سەر بە ئێران، وڵاتانی کەنداو و سعودیە و ئەوانەی هەرێمیش، تەشەنەکردنی شەڕەکەیان پێناخۆشبوو، چونکە بەرژەوەندیەکانیان لەبەردەم مەترسی گەورەدابوو، لاشیان ئاشکرا بوو ئەو شەڕە لە پێناوی چاوی جوانی ئەوان نییە، بەلکو بۆ پارە و نەوت و پاراستنی ئیسرائیلە، بۆیە شەڕەکە راگیرا، بەڵام کۆتایی نەهاتوە.
ئەمجارەیان بە شێوەی دوورپێچ کردن بەردەوامە، من تێدەگەم ئەوە کاریگەری دەبێت نەک لەسەر رژێم، بەڵکو زیاتر لەسەر ئێرانییەکان کە خۆیان ئەسڵەن ٤٧ ساڵە بە دەستیەوە دەناڵێنن، راستیەکەی ئەو جۆرە ئابلوقەیە لە پێشدا تاقیکراوەتەوە ئەوەندەی زەرەر بە هاووڵاتیان دەکەوێت، کەمتر زەرەر بە نیزامەکە دەگەییێنێت، خۆمان عێراقمان بینی لە ١٩٩١ تا ٢٠٠٣ رژێمی عێراق و دار و دەستەکەی کێشەیەکی ئەوتۆیان نەبوو، بەڵکو ئەوە خەڵکەکەبوو کەوتە سواڵ و سەدەقەکردن، چەند ساڵەکیشە هەر ئەو ئەمریکایە ئابلوقەکی توندی خستۆتە سەر ‘کۆبا’ کە تەنها دوورگەیەکە لەناو ئۆقیانوسی ئەتڵەسی، کەچی دەسەڵاتەکە هەر ماوە و بەردەوامە لەوێش خەڵکەکە زەرەرمەندی یەکەمە.
لەژێر رۆشنایی ئەو راستیانەی خستمانەڕوو، ئەمریکا لەم شەڕەش سەرکەوتونابێت، واتە ئەم ئابلوقەیەش وەکو ئابلۆقەکانیتر تەنها زیان بە خەڵکەکە دەگەیێنێت، ئەوەش لەبەر ئەوەی واقیعی تازەی جیهان کە بەرژەوەندیەکان و ئابوری، رەسمی سیاسەت دەکەن، نەک هێز و چەک و تفاقی جەنگی، جگە لەوەش چەند فاکتۆرەکیش هەیە، یارمەتی خودی ئێران لەو بارەیەوە دەدات:
١-ئێران وڵاتێکی گەورە و فراوانە و جوگرافیەکەشی هی ئەوە نیە بە ئاسانی لە هەموو لایەکەوە کۆنترۆل بکرێت.
٢-خەڵکی ئێران و دەسەڵاتەکەی لە مێژە ئابلۆقەیان لەسەرە، راهاتینە و وازو هەراسان نابن.
٣-کۆمەڵێک وڵاتی گەورەی جیهان وەک چین، روسیا، هیندستان، هیتریش، بەرژەوەندی هاوبەشیان لەگەڵ ئێران هەیە، بۆیە ناچنە ژێربای ئەجیندەی ئەمریکا.
٤-عەرەبەکانیش، بە تایبەت کەنداویەکان، نایانەوێت بە ئاگری ئەمریکا و بۆ ئیسرائیل بسوتێن و تا سنوری بڕانەوە لەگەڵ ئێران بڕۆن، بە دیوێکیتر مامەڵەی مانگایان لەگەڵدا بکرێت هەتا ماون هەر بدۆشرێن.
