هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە ئۆپراسیۆنێکی هەواڵگریدا توانیان بکوژی عەمید هیشام محەممەد، بەڕێوەبەری پۆلیسی ئەمیندارێتی بەغداد و ئەفسەرێکی تر دەستگیر بکەن، کە لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکدا کوژرابوون.
شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی ڕایگەیاندووە؛ کە تیمەکانی شانەی هەڵۆکان دوای بەدواداچوونێکی وردی مەیدانی و تەکنیکی، تۆمەتباری سەرەکی بە ناوی محەممەد عەبدولمەجید لە ناوچەی ڕەسافەی بەغداد دەستگیر کردووە و ڕادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکانیان کردووە بۆ تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکان.
ڕووداوەکە لە ناوچەی دۆرە و کەرارە ڕوویدابوو، کاتێک تیمەکانی شارەوانی و پۆلیس سەرقاڵی لابردنی زیادەڕۆیی و خانووە نایاساییەکان بوون و ڕووبەڕووی تەقەی ڕاستەوخۆ ببوونەوە، لە ئەنجامدا بەڕێوەبەری پۆلیسی ئەمیندارێتی و ئەفسەرێک گیانیان لەدەستدا و چوار کارمەندی دیکەش بریندار ببوون.
