کەشناسێک: باران دەبارێت و کەش بەتەواوی فێنک دەکات

شارەزایەکی کەشناسی پێشبینی گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە کەشوهەوای هەرێمی کوردستان دەکات و ڕایدەگەیەنێت، شەپۆلێکی بارانبارین و هەورەبروسکە ناوچە جیاوازەکان دەگرێتەوە و پلەکانی گەرماش تا حەوت پلە دادەبەزن.

ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی هاتنی بارستەهەوایەکی سارد بۆ سەر دەریای ناوەڕاست و جووڵەی بارستەهەوایەکی شێدار لە باکووری دەریای سوورەوە، سبەینێ شەممە (29ی ئابی 2026) لە دوای نیوەڕۆوە، ئاسمانی هەرێم دەگۆڕێت بۆ نیمچەهەور، لەگەڵ ئەگەری دروستبوونی هەورەبروسکە و بارینی بارانی کەم تا مامناوەند لە هەندێک کات و شوێنی جیاوازدا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەری بارانبارین لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی ڕاپەڕین و سۆران زیاتر دەبێت، هاوکات بای باشوور بە خێرایی (15 بۆ 30) کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا چالاک دەبێت، پێشبینیش دەکرێت ئەم ناجێگیرییەی کەشوهەوا تا ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە (30ی ئابی 2026) بەردەوام بێت و ئەگەری بارانی کورتخایەنیش لە ئارادا بێت.

سەبارەت بە نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما، ئەو شارەزایەی کەشناسی ڕوونیکردووەتەوە، لە ڕۆژی دووشەممەوە (31ی ئابی 2026) بارستەهەوا ساردەکەی دەریای ناوەڕاست بە تەواوی دەگاتە عێراق و هەرێمی کوردستان، بەهۆیەوە پلەکانی گەرما بە ڕێژەی پێنج تا حەوت پلەی سیلیزی نزم دەبنەوە و کەشوهەوایەکی فێنک باڵ بەسەر زۆربەی ناوچەکاندا دەکێشێت.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە