حەج و عومڕەی هەرێم ئاگادارییەکی بەپەلە ئاراستەی ١٦٠٠ هاووڵاتی دەکات

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومڕەی هەرێمی کوردستان لە ئاگادارییەکی بەپەلەدا داوا لەو هاووڵاتیانە دەکات کە فۆرمی ناونووسینیان بۆ پرۆسەی حەجی ئەمساڵ پڕکردووەتەوە، بەخێرایی وردبینی لە ئەکاونتەکانیان بکەنەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتییەکە، نامەی ئاگادارکردنەوە بۆ زیاتر لە ١,٦٠٠ هاووڵاتی نێردراوە تاوەکو کەمەکورتی و هەڵەکانی ناو فۆرمەکانیان چاک بکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو کەسانە نامەکانیان نەکردووەتەوە و هیچ دەستکارییەکی فۆرمەکانیان نەکردووە.
حەج و عومڕەی هەرێم ئاماژەی بەوەش کردووە، کە هاووڵاتیان دەتوانن لە ڕێگەی هەژمارەکانیان لە سیستەمی “کوردپاس” (KRDPass) یان ئەکاونتە تایبەتەکانیانەوە لە ئۆنلاین سەیری فۆرمەکانیان بکەنەوە تاوەکو دڵنیا ببنەوە لەوەی نامەی پێداچوونەوەیان بۆ چوو کەموکوڕییان هەیە یان نا.
لە کۆتایی ئاگادارییەکەدا هۆشداری دراوە کە هەر کەسێک نامەی ئاگادارکردنەوەی بۆ گەڕابێتەوە و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هەڵە و کەمەکورتییەکانی فۆرمەکەی چاک نەکاتەوە، ناوەکەی لە پرۆسەی تیروپشک دووردەخرێتەوە و دەرفەتی بەشداری لە حەجی ئەمساڵدا لەدەستدەدات.
spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە