مەفرەزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی لە دوو چالاکیی جیاوازدا لە سنووری قەزاکانی ماوەت و شارباژێر، پێنج تۆمەتباریان لەسەر بڕینەوەی دارە سروشتییەکان و ڕاوکردنی نایاسایی بە تەقەمەنی دەستگیرکرد.
لە چالاکی یەکەمدا، لە سنووری گوندی “ماوەت”، مەفرەزەکانی پۆلیسی دارستان توانییان دوو کەس لەکاتی بڕینەوە و خەڵووزکردنی دارە سروشتییەکانی ناوچەکەدا دەستگیربکەن، هاوکات دەستیان بەسەر چەندین ئامێری داربڕین و بڕێکی زۆر لە داری بڕدراودا گرت.
لە چالاکی دووەمدا و لەسەر چەمی “چۆڕک” لە قەزای شارباژێر، سێ کەسی دیکە لەسەر ڕاوکردنی نایاسایی ماسی بە تەقەمەنی و ماددەی تەقێنەر دەستگیرکران کە زیانێکی زۆر بە سیستەمی ئیکۆلۆجی و ژینگەی ئاوی ناوچەکە دەگەیەنێت.
پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی ڕایگەیاندووە کە پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ سەرجەم تۆمەتباران کراوەتەوە و ڕادەستی دادوەر کراون تاوەکو سزای یاسایی خۆیان وەربگرن، هاوکات جەختیان کردووەتەوە لە بەردەوامیی کەمپین و مەفرەزەکانیان بۆ ڕێگری لە داربڕین و ڕاوکردنی نایاسایی بە مەبەستی پاراستنی سامانی سروشتیی کوردستان.
