مەرجی هەرێمی کوردستان بۆ ڕادەستکردنی ٥٠ هەزار بەرمیل نەوت بە بەغدا ئاشکرا دەکرێت
ئەحمەد موفتی، بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان ئامادەیە ڕۆژانە ٥٠ هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی بەغدا بکات، لە بەرانبەر ئەوەی حکوومەتی فیدراڵ بەنزینی ٤٥٠ دیناری بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت.
بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئاماژەی بەوەش کرد، دابەشکردنی بەنزینی ٧٥٠ دیناری لە نێوخۆی هەرێمدا بەردەوام دەبێت، هاوکات داوایان کردووە بۆ وەرزی زستانی داهاتوو نەوتی سپی بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە شاندێکی باڵای وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد موفتی و بە ئەندامێتیی د. غەزال هۆستانی (بەڕێوەبەری گشتیی گرێبەست و ئابووری)، د. بەرۆژ سندی (ڕاوێژکاری باڵای وەزارەت)، و ڕێبین زەنگەنە (بەڕێوەبەری گشتیی دیوان) لە بەغدان بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەی سووتەمەنی.
شاندەکەی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ فەرهاد ئەترووشی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و لیژنەی کاتیی نەوت و گازی پەرلەمان کۆبوونەوە. لە کۆبوونەوەکەدا، شاندەکە بە داتا و زانیاریی ورد پرۆسەی پاڵاوتنی ئەو ٥٠ هەزار بەرمیل نەوتە و پێداویستیی ڕاستەقینەی هەرێمی کوردستانیان بە بەنزین خستەڕوو.
بڕیاریشە ڕاپۆرتێکی جامع و ورد لەسەر ئەم پرسە ئاراستەی سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوتی عێراق بکرێت تاوەکو بڕیاری کۆتایی لەسەر بدرێت.
