سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی گەمارۆدانی ناوچەی دۆڕە و دەستگیرکردنی تاوانبارانی کوژرانی ئەفسەرە باڵاکەی بەغدا دەدات
ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەڕێوەبەری پۆلیسی ئەمینداریەتی بەغدا لە کەرخ و پۆلیسێک، لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکدا بۆ لابردنی زێدەڕۆییەکان لە ناوچەی دۆڕەی شاری بەغدا کوژران و چوار پۆلیسی دیکەش بریندار بوون.
لە کاردانەوەی ڕووداوەکەدا، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، زنجیرەیەک ڕێکاری بەپەلەی ڕاگەیاند و فەرمانی بە دەزگا ئەمنییەکان کرد شوێنی ڕووداوەکە لە ناوچەی دۆڕە بە تەواوی گەمارۆ بدەن و ڕێکارەکان توند بکەنەوە تا دەستگیرکردنی سەرجەم ئەو کەسانەی دەستیان لە تەقەکردنەکەدا هەبووە و ڕادەستکردنیان بە دادگا.
سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی کردەوە، کە خوێنی ئەو ئەفسەر و پۆلیسە بەفیڕۆ ناچێت و ڕێگە بە هیچ لایەنێک نادرێت شکۆی دەوڵەت و سەروەریی یاسا بباتە ژێر پرسیارەوە. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم جۆرە دەستدرێژییانە بۆ سەر دامەزراوە فەرمییەکان، حکومەت لە هەوڵەکانی بۆ چەسپاندنی یاسا و ڕاوەدوونانی تێکدەران پاشگەز ناکاتەوە.
زەیدی دووپاتی کردەوە، کە ڕێکاری زۆر توند بەرامبەر هەر کەسێک دەگیرێتەبەر بێتە ڕێگری لە کارمەندانی دەوڵەت، هەروەها ڕایگەیاند بە وردی چاودێریی دۆخی تەندروستیی بریندارەکان دەکات و تاوانباران بە سزای یاسایی خۆیان دەگەن.
