لێکۆڵینەوەیەکی نوێ کە لەسەر نزیکەی ٦٠ هەزار کەس ئەنجامدراوە ئاشکرای دەکات، ئەنجامدانی چالاکیی جەستەیی ڕۆژانە بۆ ماوەی تەنیا ٣ خولەک (وەک بەپەلە سەرکەوتن بەسەر پەیژەکاندا یان خێرا ڕێکردن) دەکرێت مەترسیی تووشبوون بە ١٣ جۆری شێرپەنجەی پەیوەندیدار بە دانیشتنی بەردەوامەوە تا ٧٪ کەمدەکاتەوە.
لێکۆڵینەوەکە کە لەلایەن توێژەرانی پەیمانگای وەرزش لە زانکۆی کۆلێج لەندەن و زانکۆی مۆناش بەڕێوەچووە، دەرئەنجامەکانی دەریخستووە کە هەر جۆرە جوڵەیەک کاریگەریی ئەرێنی هەیە، بەڵام جۆری چالاکییەکان بەم شێوەیە جیاوازییان هەیە:
- وەستان لەسەر پێ: جێگرتنەوەی دانیشتن بە وەستان، مەترسییەکان کەمدەکاتەوە بەڵام کاریگەرییەکەی نیوەی جوڵەیە.
- جوڵەی سووک: ڕێکردنی کورت یان جوڵەی سووک بۆ ماوەی ١٥ خولەک هەمان سوودی ٣٠ خولەک وەستانی هەیە.
- جوڵەی خێرا و چڕ: تەنها ٣ خولەک جوڵەی خێرا یان سەرکەوتن بەسەر پەیژەکاندا، بەرامبەرە بە ٩٠ خولەک جوڵەی سووکی ڕۆژانە.
توێژەران ئاماژە بەوە دەکەن کە جوڵەی چڕ دەبێتە هۆی دەرپەڕاندنی هەندێک ماددەی کیمیایی لە شادەمار و ماسولکەکاندا کە گەشە و بڵاوبوونەوەی خانە شێرپەنجەییەکان دەستبەسەر دەکەن و هەوکردنەکان کەمدەکەنەوە.
لەلایەکی ترەوە، توێژینەوەیەک لە زانکۆی “ماکگیل”ی کەنەدی ئاشکرایکردووە کە ڕاست دانیشتن (بەبێ چەمانەوە) کاریگەریی ئەرێنی لەسەر باری دەرونی، کەمکردنەوەی پەلەکردن و گرتنەبەری بڕیاری ژیرانە هەیە.
پسپۆڕان ئامۆژگاری دەکەن بۆ پاراستنی تەندروستی، پێویست ناکات حەتمەن بچیتە یانەی وەرزشی؛ بەڵکو زیادکردنی جوڵەی بچووک لە ژیانی ڕۆژانەدا وەک کارکردن لە ناو مال، سەرکەوتن بەسەر پەیژەدا یان یاری کردن لەگەڵ منداڵان دەتوانێت کاریگەرییە زیانبەخشەکانی دانیشتنی زۆر کەمبکاتەوە.
