ترەمپ: موجتەبا خامنەیی زیندووە و دەست و قاچی بریندارن

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت، موجتەبا خامنەیی زیندووە و دەست و قاچی بریندارن.

دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێكی نوێدا دەڵێت: پێموانییە موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری ئێران مردبێت و پێموایە هێشتا لە ژیاندایە. برینەکانی لە دەست و قاچ و لای چەپیەتی.

ڕاشیگەیاندووە، بەتەواوی کۆنتڕۆڵی دۆخەکەمان کردووە و چاودێری جوڵەکان دەکەین لە ناوچەی گەمارۆکە و هێزی دەریایی ئێرانمان لەناوبرد و تەنیا شەوی ڕابردوو 20 بەلەمی ئێرانیمان تێکشکاند.

ئاماژەی بەوەشدا، هێزە داراییەکانمان زۆر گەورەن و ئەمەش دەمانگەیەنێتە سەرکەوتنێکی زۆر گەورە بەسەر ئێراندا و ڕووبەڕووبوونەوەمان لەگەڵ ئێران هیچ خشتەیەکی کاتیی نییە و تا کەی پێویست بکات بەردەوام دەبێت.

دەشڵێت: ئێمە لە ڤەنزوێلا سەرکەوتنمان بەدەستهێنا و زۆر بەمزوانەش سەرکەوتنێکی گەورە لە ئێران بەدەست دەهێنین. ئابووریی ئێران لە داڕماندایە، ڕێژەی هەڵاوسان گەیشتووەتە 300% و دراوەکەیان بێ بەهایە، تەنانەت سەربازەکانیشیان مووچە وەرناگرن.

بە وتەی ترەمپ، “ئێرانییەکان زۆر خراپ مامەڵە لەگەڵ گەلەکەیان دەکەن و ئامادەن خۆپیشاندەران بکوژن، بۆیە ناڕەزایەتی دەربڕین لەوێ قورسە”.

جەختیشی كردۆتەوە، ئێرانییەکان ئەو کەسانە نین کە نیازپاکییان هەبێت بۆ ئەوەی ڕێککەوتنیان لەگەڵدا بکەین. پێموایە هەم جەنگی ئابووری و هەم هێرشە سەربازییەکان کاریگەرن، بۆیە پەلەم نییە بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و هیچ کاتێکی دیاریکراویشمان بۆ ئەوە نییە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە