عێراق بەدوای ڕێگای جێگرەوە بۆ هەناردەکردنی نەوتدا دەگەڕێت

لیژنە پەیوەندیدارەکانی پەرلەمانی عێراق بە مەبەستی بەردەوامبوونی هەناردەکردنی نەوتی خاو و دابینکردنی پێداویستییەکانی بازاڕی ناوخۆ، چاودێرییەکانیان لەسەر پرۆسەی نەوت و سووتەمەنی فراوانتر کردووە.

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە سەرۆکایەتی عەدی عەواد، لە کۆبوونەوەیەکدا میوانداری عەلی نزار، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای فرۆشتنی نەوتی عێراقی کرد و تێیدا، میکانیزمی هەناردەکردنی نەوتی خاو، بڕی نەوتی فرۆشراو، نرخەکانی فرۆشتن و ئەو کۆسپانەی ڕووبەڕووی پرۆسەی هەناردە دەبن، تاوتوێ کرد.

وسف کیلابی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕاگەیاند کە گفتوگۆکان بە شێوەیەکی سەرەکی تەرخان کرابوون بۆ ڕێگاکانی هەناردەکردن لە ڕێگەی دەروازە بەردەستەکان و هەنگاوەکانی کۆمپانیای “سۆمۆ” بۆ پاراستنی بەردەوامی هەناردەکان.

کیلابی جەختی کردەوە لەسەر گرنگی دۆزینەوەی دەروازە و ڕێگای جێگرەوە بۆ هەناردەکردنی نەوت، بۆ ئەوەی هەناردەکان بە یەک ڕێگا نەبەسترێنەوە و لە هەر ڕووداوێکی ناوچەیی کاریگەری لەسەر داهاتی گشتی دروست نەبێت.

لە هەمان کاتدا، بەڕێوەبەری گشتی “سۆمۆ” زانیارییەکی وردی لەسەر بڕی نەوتی هەناردەکراو لە مانگەکانی تەمووز و ئاب و نرخەکانی فرۆشتن لە بازاڕە جیهانییەکان، هەروەها کۆسپەکانی بەردەم پرۆسەی هەناردە و هەوڵەکانی چارەسەرکردنیان، پێشکەش کردووە.

گفتوگۆکان تەنها لەسەر هەناردەی نەوتی خاو نەبوون، بەڵکو دابینکردنی پێداویستییەکانی بازاڕی ناوخۆ بە بەرهەمە نەوتییەکان، بە تایبەتی بەنزین و گاز بۆ دڵنیابوون لە جێگیریی دابینکردن و پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی هاووڵاتیان و کەرتە خزمەتگوزاری و ئابوورییەکانیش، تاوتوێ کرا.

لە لایەکی تریشەوە، لیژنەی دەروازە سنوورییەکان و پاراستنی بەرهەمی نیشتیمانی لە پەرلەمان، کۆبوونەوەیەکی فراوانی لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتەکانی نەوت و پیشەسازی بەڕێوەبرد، بۆ تاوتوێکردنی میکانیزمی دابینکردنی پشکی سووتەمەنی بۆ کۆمپانیا، کارگە و کارخانەکان، لەگەڵ دابینکردنی کەرەستەی سەرەتایی بۆ چالاککردنەوەی کۆمپانیاکانی سەر بە وەزارەتی پیشەسازی.

کازم شممەر، سەرۆکی لیژنەکە ڕایگەیاند، ئامانجی ئەم کۆبوونەوەیە چارەسەرکردنی کێشە کارگێڕی و تەکنیکییەکانی بەردەم کۆمپانیاکانی کەرتی گشتی و تایبەت بوو، کە پەیوەندییان بە وەرگرتنی پشکی سووتەمەنییەوە هەیە.

شممەری جەختی کردەوە کە بەردەوامبوونی ئەم کۆسپانە بە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر توانای بەرهەمهێنانی کارخانەکان و توانایان بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی بازاڕی ناوخۆ دەبێت.

لیژنەکە هەروەها گرنگیی پشتگیریکردنی کەرتی پیشەسازی و دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی جەخت لێکردووەتەوە، بە ئامانجی دووبارە کارپێکردنەوەی کارخانەکان، زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆ، کەمکردنەوەی پشتبەستن بە بەرهەمی هاوردەکراو و دروستکردنی دەرفەتی ئابووری.

ئەم هەنگاوانەی پەرلەمان لە کاتێکدا دێن کە عێراق پێویستییەکی زۆری بە هاوسەنگکردنی بەڕێوەبردنی سامانی نەوت هەیە، وەک سەرچاوەی سەرەکیی داهات و دارایی، لەگەڵ ئاراستەکردنی بەشێک لەو سەرچاوەیە بۆ پشتگیریکردنی کەرتە بەرهەمهێنەرەکان و دابینکردنی سووتەمەنی و کەرەستەی سەرەتایی، بۆ پاراستنی جێگیریی بازاڕ و بەهێزکردنی ئابووریی نیشتیمانی.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە