بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر ڕایگەیاند، ژمارەی ئەو بەنزینخانانەی بەنزینی حکومیی 750 دیناری دابەش دەکەن بۆ 38 وێستگە زیادکراوە (کە 6 وێستگەیان نوێن)؛ بەمەش ئەمڕۆ سێ شەممە 25ی ئابی 2026، تێکڕا 1 ملیۆن و 368 هەزار لیتر بەنزینی پاڵپشتیکراو بەسەر شۆفێراندا دابەش دەکرێت.
بەڕێوەبەرایەتییەکە ڕوونیکردەوە، کە بڕی 36 هەزار لیتر بەنزین بۆ هەر وێستگەیەک دابینکراوە و بۆ ئەمڕۆ کارتی ئەلیکترۆنیی ژمارە 3 کارایە، کە پێدانی 40 لیتر بەنزین بۆ هەر ئۆتۆمبێلێک دەستەبەر دەکات و شۆفێران ناتوانن بڕی تر وەربگرنەوە تاوەکو کارتی ژمارە 4 کارا دەکرێت.
ئاماژەی بەوە کردووە، کە سەرقاڵی جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکن بۆ بە ئەلیکترۆنیکردنی تەواوەتیی پڕۆسەکە لە ڕێگەی دانانی ئامێری خوێنەر (Reader) لەسەر سەرجەم پەمپەکان، تاوەکو لە داهاتوویەکی نزیکدا بڕی بەنزینی تێکراو ڕاستەوخۆ لەگەڵ سیستەمەکەدا گرێ بدرێتەوە و ئۆتۆمبێلەکە بە سیستمەکەوە ببەسترێتەوە.
