حكومەتی عێراق بۆ دابینکردنی مووچە 31 ملیار دۆلاری لە یەدەگی نەختینەی بانکی ناوەندی ڕاکێشاوە.
نزار ناسر، پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق ڕایگەیاند، بەهۆی لێکەوتە ئابوورییەکانی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران و داخستنی گەرووی هورمزەوە، یەدەگی دراوی بیانی وڵاتەکە بە بڕی 31.5 ملیار دۆلار دابەزیوە و لە 109 ملیارەوە گەیشتووەتە 77.5 ملیار دۆلار، کە زۆرینەی ئەو بڕە پارەیەش بۆ پێدانی مووچەی مووچەخۆران خەرج کراوە.
ناسر لە کۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمان جەختی کردەوە، کە پەککەوتنی بازرگانی بووەتە هۆی کێشەی توندی نەختینە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەپێی ڕاوێژکاری ئابووریی سەرۆک وەزیران، مەزهەر محەمەد ساڵح، تەنیا بۆ مووچەی مانگانەی عێراق و هەرێمی کوردستان بڕی 8 تریلیۆن دینار پێویستە، کە بژێوی ژیانی 10 ملیۆن مووچەخۆری پێوە بەندە.
پێشتریش وتەبێژی حکومەتی فیدراڵ جەختی کردبووەوە، کە عێراق لە قەیرانێکی دارایی “سەخت” دایە؛ چونکە داهاتی نەوتیی وڵاتەکە تەنیا 2.5 تریلیۆن دینارە، لە کاتێکدا تێکڕای خەرجیی مانگانە بۆ مووچە و پێداویستییە گشتییەکان گەیشتووەتە 10 تریلیۆن دینار، ئەمەش بووەتە هۆی دواکەوتن و نائاساییبوونی خشتەی دابەشکردنی مووچەکان.
