سەڵاحەددین بەهائەددین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند کە بەشداریی حزبەکەی لە کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەگەرێکی دوورە و تاوەکو ئێستاش باس لەو بابەتە نەکراوە.
ناوبراو داوای لە لایەنە سیاسییەکان بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد پەلە لە پێکهێنانی حکوومەت بکەن و جەختی لەوە کردەوە کە دۆخەکە وا دەخوازێت لایەنەکان کۆببنەوە، چونکە هیچ چارەیەکی دیکە نییە.
ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو ئاماژەی بەوەش دا کە هەردوولا بەڵێنی کۆبوونەوەیان دابوو، بەڵام هەندێک بابەتی هاتنە پێشەوە و کۆبوونەوەکە نەکرا، هەروەها ڕایگەیاند کە دەستپێشخەرییەکەیان تاوەکو ئێستا بەردەوامە.
