لە یاریی نێوان یانەی ئامەدسپۆر و کۆجاعەلیسپۆر لە هەفتەی دووەمی خولی نایابی تورکیا، کە لە شاری کۆجاعەلی بەڕێوەچوو، هاندەرانی یانە تورکییەکە سوکایەتییان بە کورد کرد. یارییەکەش لە کۆتاییدا بە ئەنجامی دوو گۆڵی بێوەڵام بە دۆڕانی ئامەدسپۆر کۆتاییهات.
لە کاتی یارییەکەدا، هاندەرانی کۆجاعەلیسپۆر کیسەی نایلۆنی زەردیان بەڕووی هاندەرانی ئامەدسپۆردا بەرزکردەوە و دروشمیان گوتەوە، لە بەرامبەر ئەم هەڵسووکەوتە نەتەوەپەرستییەدا، هاندەرانی ئامەدسپۆر بە دروشمەکانی "ژن، ژیان، ئازادی" و "کینە ئەم، کوردین ئەم" وەڵامی سوکایەتییەکانیان دانەوە.
ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە کە لە ڕۆژانی ڕابردووشدا لە پارێزگای زۆنگوڵداک، هێرش کرایە سەر حەفتا ئەندامی چەند خێزانێکی باکووری کوردستان.
جێگەی باسە یانەی ئامەدسپۆر دوای سی و شەش ساڵ لە دامەزراندنی، بۆ یەکەمجار لە مێژوودا سەرکەوت بۆ خولی نایابی تورکیا.
