سه‌رتاشێک پاسێکی کردووەتە سەرتاشخانەی گەرۆک

لەناو قەرەباڵغی شەقامی سالمی سلێمانی کە بە سەهۆڵەکە ناسراوە، پڕۆژەیەکی جیاواز سەرنجی ڕێبواران و گەشتیارانی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە، ئەویش گۆڕینی پاسێکی گواستنەوەیە بۆ سەرتاشخانەیەکی مۆدێرن و گەڕۆک.

ئەم پڕۆژەیە کە لەلایەن ئاریان حەسەنەوە ئەنجام دراوە، بووەتە سیمایەکی نوێ و مۆدێرنی کارکردن لە شارەکەدا.

ئاریان حەسەن (٣٥ ساڵ) کە ماوەی ١٦ ساڵە سەرتاشی دەکات، سه‌باره‌ت به‌ پرۆژه‌که‌ی دەڵیت: “پڕۆژەی سەرتاشخانەی پاس نزیکەی ساڵ و نیوێکە کەوتووەتە بواری جێبەجێ کردنەوە. بیرۆکەکە هی ساڵی ٢٠١٧ بوو، کاتێک لە دەرەوەی وڵاتیش بووم بە کردەیی کارەکەم بینی و زۆر حەزم کرد لە سلێمانی جێبەجێی بکەم”.

سەبارەت بە کوالێتی و خزمەتگوزارییەکان، ئاریان وتی: “ئەم سەرتاشخانەیە وەک هەر سەرتاشخانەیەکی دیکه‌ی ئاسایی هەموو پێداویستییەکی تێدایە لە ئاوی گەرم و سارد، سەرشۆر و هەموو ئەو ئامێرانەی کە پێویستن. شوێنی دانیشتن بۆ چاوەڕوانی مشتەریەکان و تەلەڤیزیۆن تەنانەت بۆ ئەوەی ئاوی بەکارهاتوو نەڕژێتە ناو شەقامەکان، خەزانێکمان لە ژێر پاسەکە داناوە و ڕۆژانە بەتاڵی دەکەینەوە. ئەم پڕۆژەیە نەک تەنیا بۆمشتەریەکانی خۆم بەڵکو بۆ گەشتیارانی دیکه‌ش لە عەرەب و تورک و گەشتیارانی پارێزگاکانی دیکه‌ بووەتە جێگەی سەرنج بەهۆی جیاوازی ئیشەکەمەوە”.

وتیشی: “شێوازی ئیشکردنەکەم بە دوو جۆرە: بەیانیان لە کاتژمێر ٩ تا ٢ی پاشنیوەڕۆ بە شێوەی گەڕۆک دەچمە بەردەم ماڵان، کۆمپانیا و کارگەکانی دەوروبەری شار. بەهۆی گەرماوە ئێوارانیش لە شەقامی سالم بە جێگیری دەمێنمە و تا درەنگانی شەو کار ده‌که‌م”.

عەمار محەمەد، گەنجێکی خەڵکی بەغدایە، یەکێک بوو لەو گەشتیارانەی لەناو پاسەکەدا سەرقاڵی چاککردنی قژ و ڕیشی بوو. دەستخۆشی لە ئاریان کرد و، وتی: “ئەمە کارێکی زۆر جوان و داھێنەرانەیە. کاتێک دیمەنی ئەم پاسەم بینی کە کراوە بە سەرتاشخانە، زۆر دڵخۆش بووم. پێویستە نەک تەنیا لە ھەرێمی کوردستان بەڵکو لە ھەموو عێراق چاو لەم جۆرە کارانە بکرێت”.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە