حكوومهتی ئەمریکا ئامادەكاری دەکات بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڤیزەی کار و گەشتیاری نزیکەی ٢٠٠ هەزار كهسی بیانی، کە ماوەیەک لەمەوبەر داوای پەنابەریان پێشکەش کردووە یان هێشتا لە پرۆسەی پەنابەرێتیدان.
بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە دەست ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس کەوتوون و، بەپێی لێدوانی دوو بەرپرسی ئاگادار لە بابەتەکە، حکوومەتی ئەمریکا پلانی هەیە بەشێک لە ڤیزەکانی جۆری B1 و B2 هەڵبوەشێنێتەوە.
لەو چوارچێوەیەدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا خۆی ئامادە دەکات بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڤیزەی کار و گەشتیاری نزیکەی ٢٠٠ هەزار كهسی بیانی، کە لە نێوان ساڵانی ٢٠١٦ بۆ ٢٠٢٦ پێیان دراوە و خاوەنەکانیان داوای پەنابەرییان کردووە یان ئێستا لە پرۆسەی داواکاری پەنابەرێتیدان.
بەرپرسهكان ئاماژەیان بەوە کردووە لە ئەگەری هەڵوەشاندنەوەدا ئەو کەسانە دەستبەجێ دیپۆرت ناکرێنەوە، بەڵکو زۆربەی ئەوانەی ئێستا داواکاری پەنابەریان لە چاوەڕوانیدایە پۆلێنبەندیی نوێیان بۆ دەکرێتەوە، بەڵام پێگەی خۆیان وەک گەشتیاری مەبەستدار بۆ کار یان گەشتیاری لەدەست دەدەن.
لە هەواڵەکەدا باس لهوه كراوه کە لە ماوەی ١٨ مانگی ڕابردوودا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڤیزەی نزیکەی ١٧٥ هەزار کەسی هەڵوەشاندووەتەوە کە لە تاوانە جۆربەجۆرەکانی وەک شۆفێری لە کاتی سەرخۆشیدا تا دەستدرێژی و دزیکردن سزا درابوون یان تۆمەتبار کرابوون، لەگەڵ ئەو کەسانەی کە بەتایبەت لەبەردەم ڕای گشتییدا دژبە سیاسەتەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست قسەیان کردبوو.
