حکومەتی سەنگاپور پاکێجێکی نوێی پشتگیری دارایی بۆ خێزانەکان ڕاگەیاند، بە مەبەستی هاندانی هاووڵاتیان بۆ منداڵبوون و کەمکردنەوەی کاریگەرییە دارایییەکانی پەروەردەکردنی منداڵ.
بەپێی پاکێجە نوێکە، هەر منداڵێکی هاووڵاتی سەنگاپور دەتوانێت تا ٦٢ هەزار دۆلاری سەنگاپوری پشتگیریی دارایی حکومەت وەربگرێت لە کاتی لەدایکبوونەوە تا تەمەنی ١٧ ساڵی. ئەمە بە نزیکەیی دەکاتە ٥٥ هەزار دۆلاری ئەمریکی.
لە چوارچێوەی سیستەمە نوێکەدا، حکومەت ١٠ هەزار دۆلاری سەنگاپوری وەک “دیاری منداڵ” بە کاش دەدات، کە لە دوو قۆناغدا لە ماوەی ١٢ مانگی یەکەمی ژیانی منداڵدا دەدرێت. هەروەها ٣٢ هەزار دۆلاری سەنگاپوری بە شێوەی کریدیت دابین دەکرێت؛ واتە ساڵانە ٢ هەزار دۆلار لە تەمەنی یەک ساڵییەوە تا تەمەنی ١٦ ساڵی منداڵ.
بەشی دیکەی پشتگیرییەکەش پەیوەندی بە خەرجییەکانی تەندروستی و پەروەردەی منداڵەوە هەیە، بۆ ئەوەی بارودۆخی دارایی خێزانەکان لە ماوەی گەورەبوونی منداڵدا سووکتر بکرێت. حکومەت دەڵێت ئەم سیستەمە نوێیە جێگەی شێوازی پێشووی Baby Bonus و Large Families Scheme دەگرێتەوە. پارەدانی پاکێجە نوێکە لە نیسانی ٢٠٢٧ دەست پێدەکات.
هۆکاری سەرەکیی ئەم هەنگاوە دۆخی دیمۆگرافیی سەنگاپورە؛ ڕێژەی گشتیی منداڵبوون لە وڵاتەکە لە ساڵی ڕابردوودا گەیشتووەتە ٠.٨٧ منداڵ بۆ هەر ژنێک، کە نزمترین ئاستە لە مێژووی سەنگاپوردا.
