ڕوونکردنەوەی فەرمی دەربارەی پرۆسەی دابەشکردنی ٤٠ لیتر بەنزین بە کارتی سووتەمەنی
ڕوونکردنەوەیەکی فەرمی دەربارەی چۆنیەتی دابەشکردنی سوتەمەنی و پشکی ٤٠ لیتری بەنزین بە کارتی ئەلیکترۆنی بڵاوکرایەوە، بە مەبەستی وەدەستهێنانی ڕاستییەکان بۆ هاووڵاتییان و شۆفێران.
لە ڕوونکردنەوەکەدا ئاماژە بەوەدراوە، ئەو بڕە بەنزینەی لە بنزینخانەکان دەدرێتە ئۆتۆمبێلەکان بە تەواوی کۆنترۆڵکراوە؛ ڕێگەی خوێندنەوەی ژمێریاری بنزینخانەکان پێش و دوای دابەشکردن ڕۆژانە تۆمار دەکرێت و تەنها ئەو بڕە لە ئەستۆی بنزینخانە حیساب دەکرێت کە بە ڕاستەقینە دابەشکراوە.
هاوکات بڕی ٤٠ لیتر سووتەمەنی لە کارتەکەدا تەنها بۆ حسابکردن و ووردبینیکردنی شوفێرانە، بەڵام بنزینخانە پشت بەو بڕە ڕاستەقینەیە دەبەستێت کە کراوەتە ناو ئۆتۆمبێلەکەوە. بۆ نموونە ئەگەر ئۆتۆمبێلێک ٣٠ لیتر بکات، تەنها ئەو ٣٠ لیترە لەسەر بنزینخانەکە تۆمار دەکرێت نەک ٤٠ لیتر.
ئەوەشخراوەتەڕوو، ئەو بڕە بەنزینەی لە هەندێک ئۆتۆمبێل دەمێنێتەوە، بە هیچ شێوەیەک بۆ بنزینخانەکە نامێنێتەوە و ناتوانن دەستکاری بکەن، بەڵکو دیارە و ڕۆژی دواتر دابەشی سەر هاووڵاتییانی تر دەکرێت.
سیستەمی کارتی ئەلیکترۆنی سووتەمەنی لە سەرەتادایە و لە بەرنامەدا هەیە لە هەنگاوی داهاتوودا بۆ هەر پەمپێک خوێنەر (Reader) دابنرێت بۆ ئەوەی بڕی ڕاستەقینەی بەنزینەکە ڕاستەوخۆ بخوێنێتەوە و تۆماری بکات.

