بارزانی لەگەڵ سەرۆك و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین كۆبووەوە

ڕۆژی دوو شەممە 24ی ئابی 2026 لە پیرمام مەسعود بارزانی لەگەڵ سەرۆك و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین كۆبووەوە و ڕایگەیاند، ڕژێمەكانی پێشووی عێراق نەیانتوانی ناكۆكییە سیاسییەكانی گەلی كوردستان لەگەڵ حكوومەتەكان بكەنە ناكۆكیی نێوان گەلانی عێراق.

بارەگای بارزانی بڵاویكردەوە، شاندی میوان وێڕای پیرۆزباییكردن بە بۆنەی 80 ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، پێزانینیان بۆ ڕۆڵی بارزانی هەبوو لە خەباتی و مێژووی گەلی كوردستان و بنیاتنانی عێراقی تازە.

بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، سوپاسی بارزانیان كرد كە هەرێمی كوردستان لە كاتی پەلاماری تیرۆریستانی داعشدا باوەشی بۆ ئاوارەكان كردەوە و وەك نموونەی باڵای مرۆڤدۆستی و برایەتی و هەست بەبەرپرسیارێتیان ناوزەد كرد.

شاندی میوان قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و دامودەزگاكانی هەرێمیان لە شەڕی تیرۆریستان و مسۆگەركردنی سەقامگیری و ئاساییش بەرز نرخاند. هەروەها داواشیان كرد كە هەماهەنگی لەنێوان یەكە ئیدارییەكانی پارێزگای سەڵاحەدین و پارێزگاكانی هەرێمدا هەبێت بۆ سوودوەرگرتن لە ئەزموونە ئیدارییەكان و ئاوەدانیی هەرێمی كوردستان.

لای خۆشیەوە، مەسعود بارزانی كورتەیەكی لە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان بۆ ئامادەبوان باس كرد و جەختی لە برایەتی و تەبایی و پێكەوەژیانی نێوان پێكهاتە جیاجیاكانی عێراق كردەوە.

ئەوەشی ڕاگەیاند، كە سوپاس بۆ خودا ڕژێمەكانی پێشووی عێراق نەیانتوانی ناكۆكییە سیاسییەكانی گەلی كوردستان لەگەڵ حكوومەتەكان بكەنە ناكۆكیی نێوان گەلانی عێراق.

بارزانی ڕۆشنایی خستەسەر عێراقی دوای 2003 و ئەوەی دووپات كردەوە، كە دەستووری عێراق نەخشەڕێگەیەكی گونجاوە بۆ چارەسەركردنی كۆی ئەو كێشە و گرفتانەی لەئارادان.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە