تمەنی ئێرانی بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە داڕمانی نوێی تۆمارکرد.
هاوکات لەگەڵ ڕاگەیاندنی سزای ئابووریی نوێ لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە بۆ سەر تاران، ئیمڕۆ دووشەممە (٢٤ی ئابی ٢٠٢٦) بەهای دراوی ئێرانی (تمەن) بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی تووشی داڕمانێکی نوێ بووەوە.
بەپێی بۆرسەی تمەن، بەهای ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی لە بازاڕەکانی تاراندا گەیشتووەتە ٢٠ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار تمەن، بەمەش دراوی نیشتمانیی ئێرانی کە بەدەست هەڵئاوسانی گەورەوە دەناڵێنێت، ئاستێکی تری داڕمانی تۆمارکرد.
ئەم دابەزینە توندەی بەهای تمەن دوای ئەوە هات کە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سەپاندنی زنجیرەیەک سزای ئابووریی نوێی بەسەر ئێراندا ڕاگەیاند و بە “سەختترین سزا لە مێژوودا” وەسفی کرد، بە ئامانجی دروستکردنی گوشار لەسەر تاران بۆ دانوستاندن لەژێر مەرجەکانی واشنتۆندا.
