لێخۆشبوونی گومرگی بۆ 11 کۆمپانیا بە مەبەستی هەناردەکردنی گەنم دەرکرا.
دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، بەپێی بڕیارێکی فەرمی و لەسەر راسپاردەی نووسینگەی سەرۆکی حکوومەت، لێخۆشبوونی گومرگی بۆ هەناردەکردنی گەنمی خۆماڵی دەردەکات. ئەم بڕیارە وەک هەنگاوێکی گرنگە بۆ پاڵپشتیکردنی بەرهەمی ناوخۆیی و بازاڕکردن بۆ بەرهەمی جووتیاران.
لە نووسراوە فەرمییەکەی دەستەی وەبەرهێناندا، کە ئاراستەی وەزارەتی دارایی کراوە، هاتووە: ئەم لێخۆشبوونە بۆ ماوەی 1 مانگ کاری پێدەکرێت، تێیدا ناوی 11 کۆمپانیا و بازرگان دەستنیشان کراوە تا لە سنوورەکان کارئاسانی بەپەلەیان پێشکەش بکرێت.
ئەم پڕۆسە نوێیە دوای زنجیرەیەک هەماهەنگی نێوان سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و دەستەی وەبەرهێنان دێت، بە ئامانجی دۆزینەوەی بازاڕی لەبار بۆ ساغکردنەوەی گەنمی جووتیاران لە دەرەوە و هاندانی زیاتری کەرتی بازرگانی لە هەرێمی کوردستاندا.
