سووریا و ئیسرائیل بە نێوەندگیری ئەمریکا لە ئوردن کۆبوونەوە

بە نێوەندگیری ئەمریکا و لە وڵاتی ئوردن، شاندێکی باڵای سووریا بە سەرۆکایەتی ئەسعەد حەسەن شەیبانی وەزیری دەرەوە و بە ئەندامێتی سەرۆکانی دەزگای هەواڵگریی گشتی و سەربازی، لەگەڵ شاندێکی باڵای ئیسرائیل بە سەرۆکایەتی ڕۆمەن گۆفمەن سەرۆکی مۆساد کۆبوونەوە.

کۆبوونەوەکە لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و پەرەسەندنەکانی باشووری سووریا و هێرشەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل هات و تێیدا گفتوگۆ کرا لەسەر ڕێکارکردارییەکان بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان، هەڵمەتەکانی دەستگیرکردن، و زیندووکردنەوەی ڕێڕەوی دانوستانەکان بە ئامانجی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئەمنی.

لایەنی سووری جەختی لە مافی سەروەری و بنیادنانەوەی سوپای نیشتمانی کردەوە و داوای کرد هێزەکانی ئیسرائیل بۆ هێڵەکانی پێش ٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ بکشێنەوە و ڕێککەوتنی جیاکردنەوەی هێزەکان بۆ ساڵی ١٩٧٤ کارا بکرێتەوە، هەروەها تەوەرێکی تری گفتوگۆکان بریتی بوو لە هەوڵەکانی نزیککردنەوەی دیدگاکانی نێوان تورکیا و ئیسرائیل بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە.
لە لایەکی دیکەوە کەناڵی ١٢ی ئیسرائیلی مەرجەکانی ئیسرائیلی بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ دیمەشق ئاشکرا کرد لە کۆبوونەوەکانی نێوان هەردوو لادا کە ماوەی هەفتەیەکە بەڕێوەدەچن و دیارترینیان کۆبوونەوەی عەممانی پایتەختی ئوردن بووە.
​دیارترین مەرجەکان بەپێی زانیارییەکانی کەناڵی ١٢ی ئیسرائیل:
​ڕێگریکردن لە هەر بوونێکی سەربازیی تورکیا لە سووریا کە هەڕەشە لە ئیسرائیل بکات.
​داماڵینی چەک لە باشووری سووریا.
​هەوڵنەدانی دیمەشق بۆ بەدەستهێنانی چەکی ستراتیژی و سیستەمی بەرگریی ئاسمانی.
​دەستەبەرکردنی ئاسایشی درووزەکان، بەتایبەت لە سووەیدا و چیای درووز.
​بەستنەوەی کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لەو ناوچانەی چوونەتە ناویان بە بەدەستهێنانی پێشکەوتنی سیاسیی بەرچاو و بەرجەستە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە