لە چوارقوڕنە قۆناخی دووەمی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا جێبەجێ دەکرێت

ئەمڕۆ دووشەممە 24ـی ئابی 2026، لە چوارقوڕنەی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین، قۆناخی دووەمی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران دەستیپێکرد و تیروپشک بۆ دیاریکردنی کەسانی سوودمەند بەڕێوەچوو.

ئەم پرۆسەیە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە 142ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانە کە لە ئاداری 2024 دەرچووە.

لە قۆناخی دووەمدا لە چوارقوڕنە 230 فەرمانبەری دیکە زەویان پێ دەدرێت، کە ئەو فەرمانبەرانە دەگرێتەوە خاڵبەندییان لەنێوان 35 بۆ 40 خاڵدایە.

پێشتر لە قۆناخی یەکەمدا کە سەرەتای ئەم مانگە بەڕێوەچوو، 146 فەرمانبەر کە خزمەتیان لە سەرووی 40 ساڵەوە بوو، زەوییان پێ درابوو، پرۆسەی تیروپشکەکەش بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حکوومی و نوێنەری داواکاری گشتی بۆ دابینکردنی شەفافیەت بەڕێوەچوو.

بە وتەی لایەنە پەیوەندیدارەکان، پرۆسەکە لە سەرانسەری ئیدارەی ڕاپەڕین بەهۆی کێشەی یاسایی و تەکنیکیی زەوییە کشتوکاڵییەکانەوە دواکەوت بوو، بەڵام بە تەرخانکردنی چوار هەزار پارچە زەوی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی ڕاپەڕینەوە ئاستەنگەکان تێپەڕێنران.

لە سنووری حاجیاواش نزیکەی 250 پارچە زەوی لە دوو قۆناخدا دابەشکراون، هاوکات پرۆسەکە لە قەزای پشدەر هێشتا نەچووەتە قۆناخی جێبەجێکردنەوە و چاوەڕوان دەکرێت لە قۆناغەکانی داهاتوودا سەرجەم شارۆچکە و شارەدێیەکانی سنوورەکە بگرێتەوە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە