دوای کشانەوەی هاوپەیمانان، چی بەسەر میلیشیاکاندا دێت؟ ئەعرەجی وەڵام دەداتەوە

 

ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئەمنی، ڕایگەیاند ٣٠ی ئەیلوولی داهاتوو، وادەی کشانەوەی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژبە داعشە لە عێراق، ھەروەھا ئەو رێکەوتە دەبێتە خاڵی دەستپێکردنی سنووردارکردنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە.

قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئەمنیڕایگەیاند، شەڕی دژبە ڕیکخراوی تیرۆریستیی داعش لە ڕووی سەربازییەوە کۆتایی ھاتووە، بەڵام ھێشتا بەشێک لە پاشماوەکانی ڕێکخراوەکە ماون، لەبەر ئەوە شەڕەکە بە تەواوی کۆتایی نەھاتووە.

جەختی لەوەش کردەوە کە پێویستە کۆتایی بە پەیوەندیی نێوان پارتە سیاسییە شیعەکان و لیواکانی حەشدی شەعبی بھێندرێت.

ئەعرەجی ئاماژەی بەوەشدا کە سنووردراکردنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە، بڕیارێکی ستراتیژیی حکوومەتی عێراقە و پێویستە ھەمووان لەژێر ئاڵای دەوڵەتدا بن و رێز لە سەروەریی خاکی عێراق بگرن، بەجۆرێک رێگە بە ھیچ لایەنێک نەدرێت پێشێلی بکات.

ڕاشیگەیاند ٣٠ی مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ، وادەی کشانەوەی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژبە داعشە لە عێراق، ھەروەھا ئەو رێکەوتە دەبێتە خاڵی دەستپێکردنی سنووردارکردنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە و وتی: “دوای کۆتایی مانگی ئەیلوولی عێراق بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ئەندام لە ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش پتەوتر دەکات”.

قاسم ئەعرەجی دڵنیایی ئەوەی دا کە لە میانی پرۆسەی سنووردراکردنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە، ھیچ قەیرانێکی سیاسی بەھۆی دروست نابێت و باسی لەوەش کرد کە ھەمووان لەسەر سنووردارکردنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە کۆکن و وتی: “گرووپەکانی حەشدی شەعبی دوژمنی دەوڵەت نین، بەڵکو بەشێکن لە دەوڵەت، بۆیە رووبەڕووبوونەوەی ئەو گرووپانە ھێڵی سوورە و دوای رادەستکردنی چەکەکانیان، دەوڵەت مافی ئەوان دەستەبەر دەکات”.

ڕاوێژکارەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاشکراشی کرد کە پێشنیازێکیان پێشکەش بە ئێران و سعوودیە کردووە، بۆ ئەوەی ئەنجوومەنێکی ھەماھەنگیی ئەمنیی یەکگرتوو دابمەزرێنن.

قاسم ئەعرەجی ئاماژەی بەوەشدا کە ئابووری پاڵپشتی سەرەکیی ئاسایشە و بوونی ھێزی بیانی و نەگەڕانەوەی ئاوارەکان لە گەورەترین کۆسپە ئەمنییەکانی بەردەم دەوڵەتن.

وتیشی: “عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیران بۆ خولی دووەم خۆی بەربژێر ناکات و ئەو پیاوی قۆناغی ئێستایە”.

قاسم عەرەجی ڕاشیگەیاند کە پێویستە ھەمووان بەرپرسیارێتی خۆیان بۆ بەرگرییکردن لە سەروەری عێراق لە ئەستۆ بگرن و چەک تەنھا لە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتدا بێت و جەختی لەوەش کردەوە کە بڕیاری شەڕ و ئاشتی تەنھا لەدەست دەوڵەت دایە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە