نیو مووچە

ئەم بابەتە، لەڕووی دارایی و ئابووریی خێزانییەوە گوشارێکی زۆر دەکاتە سەر هاووڵاتییان، کاتێک سیستەمی پارەدانی ئەلیکترۆنی (POS) هێشتا بە تەواوی لە بازاڕ و دامودەزگاکاندا دانەنراوە و دابەشکردنی مووچەش 45 ڕۆژ جارێک بێت، سنووردارکردنی ڕاکێشانی کاش دەبێتە هۆی کەمبونەوەی نەختینە لە دەستی خەڵک و توشبونی بازاڕ بە ئیفلیجی.

​لە دۆخێکی وەهادا، چارەسەرەکان دابەش دەبن بۆ دوو ئاست: ئاستی حکومەت (کە پێویستە جێبەجێیان بکات) و ئاستی هاووڵاتیی (پەنا بردن بۆ یاسا).
چارەسەرە پێویستەکان لەسەر ئاستی حکومەت.

1- ​فەراهەمکردنی بنەمای ژێرخانی ئەلیکترۆنی پێش جێبەجێکردنی هەر بڕیارێک بۆ سنووردارکردنی کێشانەوەی کاش، دەبێت سەرجەم بازاڕ، شۆفێری تەکسی، سوپەرمارکێت، کلینک، دەرمانخانە، بەنزینخانە و دامودەزگا حکومییەکان بە ئامێری POS سەردەمیانە ئامادە بكرێن بەبێ سەپاندنی ڕسوماتی زیادە.

2- ​پێدانی مووچە لە کاتی خۆیدا، ئاساییکردنەوەی خشتەی دابەشکردنی مووچە بۆ 30 ڕۆژ جارێک، چونکە نەبوونی وادەیەکی دیاریکراو و درەنگکەوتنی مووچە بەستنەوەی دەستی هاووڵاتییان قورستر دەکات.

3- ​جێبەجێکردنی قۆناغ بە قۆناغ، لە جیاتی دیاریکردنی 50٪ بە یەکجار، دەکرێت بە رێژەی کەمتر دەستپێبکرێت تا کاتی ڕاهاتنی بازاڕ و جێگیربونی ڕێکارە ئەلیکترۆنییەکان.

هەنگاوە یاساییەکان لەلایەن خەڵکەوە
لەڕووی یاساییەوە، دادگا و داواکاری گشتی دەتوانن ببەسترێنەوە بەم بابەتەوە.
​1- ئاراستەکردنی سکاڵای ئیداری لە دادگای ئیداری

بڕیاری سنووردارکردنی دەستگەیشتن بە سەرمایە یان مووچەی تەواو، بڕیارێکی ئیدارییە و یاسایی نیه.
بەپێی یاسا، شایستەی دارایی (مووچە) مافێکی یاساییە و خاوەندارێتی تایبەتی فەرمانبەرە.

پاساوی یاسایی بۆ تانەدان، دەکرێت تانە لە بڕیارەکە بدرێت بە پاساوی ئەوەی حکومەت مەرجێکی بەسەر فەرمانبەردا سەپاندووە (پارەدانی ئەلیکترۆنی) لە کاتێکدا ژێرخانی پێویستی لە بازاڕدا فەراهەم نەکردووە، کە ئەمەش زیانی ڕاستەوخۆ (ضرر مباشر) دەگەیەنێت بە ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتیی.

​2- ڕێکارەکان لەڕێگەی دەستەی داواکاری گشتی، داواکاری گشتی بەپێی یاسا بەرپرسیارە لە پاراستنی مافی گشتی و ڕێگەنەدان به داڕمانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و ئابووری.

​بەرزکردنەوەی یاداشتێک لەلایەن سەندیکا، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، یان گروپێک لە فەرمانبەران بۆ داواکاری گشتی، تا ڕێکاری یاسایی بگرێتەبەر بەپاساوی ئەوەی ئەم بڕیارە فشار دەخاتە سەر ژیانی خەڵک و پێچەوانەی یاساکانی پاراستنی مافی بەکاربەر و مافی مووچەخۆرە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە