ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق هۆکارەکانی پلانی گۆڕینی دراو ئاشکرا دەکات و دەشڵێت، پرۆسەکە ٣-٧ ساڵی پێویستە.
ئەحمەد حاجی ڕەشید، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، لە میانی میوانداریکردنی پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراقدا کۆمەڵێک بابەتی هەستیاریان تاوتوێ کرد، لەسەروو هەمووشیانەوە، پرسی لابردنی سفرەکانی سەر دینار بوو.
ئەو پەرلەمانتارە ڕوونیکردەوە کە گۆڕینی دراو لە دەسەڵاتی بانکی ناوەندیدایە، بۆ ئەو مەبەستە بانکی ناوەندی لەساڵی ٢٠١٢ەوە لەهەوڵی ئەوەدایە کە دراوەکەی بگۆڕێت و لە ئێستاشدا هەموو نمونە و شێوە و قەبارەکانی ئامادەن.
ڕوونیشیکردەوە کە ٧ ملیار و٥٠٠ ملیۆن کاغەزی دراو، بە هەموو جۆرەکانییەوە چاپکراون کە تێچووەکەی بڕی ٢٥٠ ملیۆن دۆلای تێدەچێت و چوار وڵاتیان دەست نیشان کردووە بۆ چاکردنی، ئەوانیش ئەڵمانیا، فەڕەنسا، ئوسترالیا، بەریتانیان، بەتێبینی ئەوەی هەمان نرخ و هەمان بەهایان هەبێت.
ئەحمەد حاجی ڕەشید ڕاشیگەیاند، هۆکاری گۆڕینی دراوی عێراقی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بڕێک دراوی عێراقی چووەتە دەرەوەی سیستەمی بانکی و دەیانەوێت ئەو پارانە بسووتێنن، هەروەها لە ئەنجامی بوونی گەندەڵیەکی گەورەو لێپێچینەوەی دەزگای دەستپاکی بڕێکی زۆری نەختینەی عێراق شاراوەتەوە لە باخ و مەزراو شوێنە نهێنیەکاندا و دەیانەوێت ئەم بڕانە بخەنەوە نێو دەزگای بانکەوە.
ئەوەشی خستەڕوو کە یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی هەوڵدان بۆ گۆڕینی دراو بریتییە لەوەی دراوی عێراق لە ٢٠٠٥دا چاپ کراوەو هەمان شێوازی هەیە بۆیە ترسی ساختەکردنی زۆر بووە لەکاتێکدا دراوەکە هەندێک خاڵی لاوازی هەیە .
ئەحمەدی حاجی ڕشید ڕاشیگەیاند، لەبەر ئەوەی هیچ ناوەندێک نییە کە دراوی عێراقی چالاکی تێدا ئەنجام بدرێت و هاوڵاتیان متمانەیان بەسیستەمی بانکی نییە بۆ هەڵگرتنی پارەکانیان سەرمایەیەکی نەختینەیی زۆر بووەتە سەرمایەی لەکار کەوتوو و دەیانەوێت ئەم سەرمایەیە بکەوێتەوە چالاکی و گۆڕینەوەی لەرێگەی بانکەوە دەبێت بۆ ئەوەی هاووڵاتیان لەمەودوا پارە زیادەکانیان لەبانک دابنێن .
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕاشیگەیاند، پرۆسەی گۆڕینی دراو لەنێوان ٣ تا ٧ ساڵی پێویستە.
