لە پارێزگای دهۆک، لە ئەمڕۆوە ڕێكارێكی نوێ پەیڕەو دەكرێت، ئۆتۆمبێلی تایبەت چوار ڕۆژ جارێك، مافی وەرگرتنی بەشە بەنزینی دەبێت، ئۆتۆمبێلی تاكسی هەر دوو ڕۆژ جارێك ئەم مافەی دەبێت.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی نەوت و كانزاكانی دهۆك، بڕی 40 لیتر بەنزین بە هەر شۆفێرێک دەدرێت و ئۆتۆمبێلی تایبەت هەر چوار ڕۆژ جارێک مافی وەرگرتنی بەنزینی پاڵپشتیکراوی دەبێت بە نرخی 750 دینار، ئۆتۆمبێلی کرێ (تەکسی) هەر دوو ڕۆژ جارێک ئەم مافەی دەبێت.
ئەم کارە لە ڕێگەی بەرنامەیەکی دیجیتاڵیی تایبەت بە ڕێکخستن و چاودێریکردنی پرۆسەکەوە لە سەرتاسەری پارێزگای دهۆک بەڕێوەدەچێت.
نەوت و كانزاكانی دهۆك داوا لە هاووڵاتییان دەكات هاوکار بن لەگەڵ لیژنە چاودێرییە هاوبەشەکانی قایمقامیەت و ئاسایش. هەر سەرپێچییەک ئەنجام درا، هاووڵاتییان دەتوانن لە ڕێگەی ژمارەی سکاڵاکانەوە (کە لە هەموو بەنزینخانەکاندا هەیە) بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی لێ ئاگادار بکەنەوە.
