دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی لە پارێزگای نەجەف ڕاگەیاند، کە چوار فەرمانبەر لە بانکێکی حکومی و فەرمانگەیەکی شارەوانی بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی دزی و بەرتیل وەرگرتن دەستگیر کراون. پرۆسەی دەستگیرکردنەکەش لە کاتی وەرگرتنی بەرتیلەکەدا ئەنجام دراوە.
بەپێی ڕاگەیاندراوێک، تیمەکانی لێکۆڵینەوەی نەجەف دوای بەدواداچوون بۆیان دەرکەوتووە کە ژمارەیەک فەرمانبەری بانکی ڕەشید لە شارەکە، بۆ ماوەی چەند ساڵێک مووچەی خانەنشینێکی کۆچکردوویان دزیوە.
هاوکات لە چالاکییەکی تردا، دوو فەرمانبەری یاسایی بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی نەجەف دەستگیر کراون کاتێک خەریکی وەرگرتنی قۆناغی یەکەمی بڕە بەرتیلێک بوون.
لای خۆیەوە، دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی نەجەف کە تایبەتە بە دۆسییەکانی دەستپاکی، بڕیاری ڕاگرتنی بۆ سەرجەم تۆمەتباران دەرکردووە بەپێی ماددەکانی (٣١٥) و (٣٠٧) لە یاسای سزادان، تاوەکو ڕێکارە پێویستەکانی لێکۆڵینەوە تەواو دەکرێن.
