یەکەمین بانکی جینی ڕووەکی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و دووەم لە عێراقدا، لە ناو پارکی هەواری شار لە شاری سلێمانی کرایەوە.
ئەم پڕۆژە نیشتمانییە بە ئامانجی پاراستنی جۆرە جیاوازەکانی ڕووەک و بنەتۆوە ڕەسەنەکان لە مەترسی لەناوچوون دامەزراوە و وەک دەستکەوتێکی گرنگی زانستی و ژینگەیی سەیر دەکرێت.
پڕۆژەکە بە پاڵپشتیی یەکێتیی ئەورووپا و ڕێکخراوی فاو و بە هەماهەنگی لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ جێبەجێ کراوە.
بەرپرسانی حکومی ئاماژەیان بەوە کردووە کە پارێزگای سلێمانی بەهۆی گونجاوی ژینگە و کەشوهەواکەیەوە بۆ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە هەڵبژێردراوە.
بانکی جینی ڕووەکی کار لەسەر کۆکردنەوە، تاقیکردنەوە و پەرەپێدانی نەوەی نوێی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان دەکات. هەروەها پڕۆژەکە دەبێتە ناوەندێکی سەرەکی بۆ توێژینەوە زانستییەکانی زانکۆ و پەیمانگەکان و سەدان هەلی کار بۆ پسپۆڕانی بواری کشتوکاڵ دەڕەخسێنێت.
