دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لە دانیشتنەکانی ئەمڕۆیدا، بڕیاری کۆتایی لەبارەی دوو سکاڵای جیاوازی دا کە لە دژی بەرپرسان و دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمار کرابوون، و هەردوو سکاڵاکەی بە پاساوی نەبوونی دەسەڵاتی یاسایی (لعدم الاختصاص) ڕەتکردەوە.
١. سکاڵای مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لەسەر پلەبەرزکردنەوە:
سکاڵاکە لەلایەن نوێنەرانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازییەوە لە دژی سەرۆکی حکومەت، جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزیری دارایی هەرێم تۆمار کرابوو.
داواکاران داوایان کردبوو دادگا حکومەتی هەرێم پابەند بکات بە دەستپێکردنەوەی پێدانی مافی پلەبەرزکردنەوە (ترفيع) کە لە ساڵی ٢٠١٥ەوە بەهۆی قەیرانی داراییەوە ڕاگیراوە و ١١ ساڵە پەکخراوە.
دادگا دوای دادبینی، سکاڵاکەی ڕەتکردەوە و ڕوونیکردەوە کە لێکۆڵینەوە لە پرسی پلەبەرزکردنەوە لە دەرەوەی دەسەڵاتەکانی دادگای فیدراڵییە.
٢. سکاڵای وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر موڵکەکانی هەرێم:
سکاڵای دووەم لەلایەن وەزیری دارایی عێراقەوە (بەسیفەتی وەزیفەکەی) لە دژی سەرۆکی حکومەت، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری داد لە هەرێمی کوردستان تۆمار کرابوو.
داواکار داوای هەڵوەشاندنەوە و نادەستووریبوونی بڕیاری ژمارە (٣٣٢٦ لە ٢٤/١١/١٩٩٢)ی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کردبوو، کە تایبەت بوو بە تۆمارکردنی سەرجەم خانوو، شوقە و بینای فەرمانگە حکومییەکانی هەرێم لەسەر وەزارەتی دارایی هەرێم (کە پێشتر لەسەر حکومەتی ناوەندی تۆمار ببوون).
دادگای فیدراڵی ئەم کەیسەشی یەکلا کردەوە و بە هەمان پاساوی نەبوونی تایبەتمەندی ڕەتی کردەوە.
