بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی تاوکێ و پێشخابوور دەستی پێکردەوە

کۆمپانیای نەوت و گازی نەرویجی (DNO) لە راپۆرتی دارایی چاره‌کی دووەمی ساڵی 2026دا رایگەیاند، بەهۆی زیادبوونی ئاستی بەرهەمهێنان لە دەریای باکوور، توانیویانە ریکۆردێکی نوێ لە داهاتەکانیاندا تۆمار بکەن. هاوکات ئاشکرای کرد کە قۆناغ بە قۆناغ دەستیان بە بەرهەمهێنانەوەی نەوت لە هەرێمی کوردستان کردووەتەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی کۆمپانیاکە، لە کۆتایی مانگی شوباتی 2026 و وەک ڕێکارێکی ئاسایش و خۆپارێزی لە هێرشەکان، سەرجەم چالاکییەکانی بەرهەمهێنان و هەڵکۆڵینی لە مۆڵەتی تاوکێ (کە خاوەنی %75ی پشکەکانێتی) وەستاند.

دواتر لە 9ی نیساندا بەشێک لە کارەکانی دەستپێکردەوە، وەک چاکسازی لە بیرە کۆنەکان و دەستپێکردنی هەڵکۆڵینی 8 بیری نوێ. بەپێی زانیارییەکان، لە 28ی حوزەیران بەرهەمهێنان لە کێڵگەی تاوکێ و لە 11ی تەمووزیش لە کێڵگەی پێشخابوور دەستی پێکردووەتەوە. DNO ئامانجیەتی ئاستی بەرهەمهێنان بگەڕێنێتەوە بۆ پێش ڕاگرتنەکە، بەمەرجێک ئاستەنگی ئەمنی دروست نەبێتەوە.

بەهۆی وەستانی کارەکان لە زۆربەی ڕۆژەکانی مانگەکانی نیسان، ئایار و حوزەیرانی 2026دا، تێکڕای پشکی بەرهەمهێنانی DNO لە هەرێمی کوردستان لە چاره‌کی دووەمدا دابەزیوە بۆ 273 بەرمیل لە ڕۆژێکدا، لەکاتێکدا لە چاره‌کی یەکەمدا 39 هەزار و 600 بەرمیل بووە. ئێستاش کۆمپانیاکە نەوت لە بازاڕی ناوخۆدا بە نرخێک دەفروشێت کە لە نێوان 35 بۆ 39 دۆلاردایە بۆ هر بەرمیلێک.

لە 7ی ئابی 2026، دی ئێن ئۆ پێشنیازێکی خستووەتەڕوو بۆ کڕینی سەرجەم پشکەکانی کۆمپانیای “Genel Energy plc” کە هاوبەشییەتی لە مۆڵەتی تاوکێ بە %25ی پشکەکان. نرخەکە بە 69 پێنس بۆ هەر پشکێک دیاریکراوە کە %38 لە نرخی داخرانی پشکەکانی گەنەل لە 6ی ئاب بەرزترە. بەپێی یاساکانی بەریتانیا، دی ئێن ئۆ تاوەکو 4ی ئەیلوولی 2026 دەرفەتی هەیە بڕیاری کۆتایی بدات.

سەبارەت بە دۆخی کارکردن، بێژەن موسەوەر رەحمانی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری DNO ئاماژەی بەوە کرد کە ئامادەن کەمێک لە ناسەقامگیری بازاڕ بگۆڕنەوە بە جێگیریی زیاتری نرخ و باشتربوونی ئاسایش لە کوردستاندا. هەروەها کۆمپانیاکە بەردەوامە لە گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ وەرگرتنەوەی شایستە داراییەکانی و دۆزینەوەی مەرجی گونجاو بۆ هەناردەکردنی داهاتوو لە ڕێگەی بۆریی عێراق-تورکیا.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە