عەلی زەیدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، سەردانێکی شەوانەی بۆ ناوەندی ئۆپەراسیۆنەکانی فەرماندەیی بەرگریی ئاسمانیی عێراق ئەنجامدا.
بەپێی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیران، ئەم بەسەرکردنەوەیە لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکانە بۆ قۆناغی داهاتوو و کۆتاییهێنان بە ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و پاشەکشەی تەواوەتییان لە ٣٠ی ئەیلولی داهاتوودا ئەم هەنگاوەش بەپێی ڕێککەوتنی نێوان عێراق و ئەمریکا دێت بە مەبەستی بەهێزکردنی تواناکانی هێزە ناوخۆییەکان بۆ گرتنەئەستۆی تەواوی بەرپرسیارێتی پاراستنی ئاسمان و سەروەریی وڵات.
لە کاتی سەردانەکەیدا، زەیدی جەختی لەوە کردەوە کە عێراق بەردەوام کار دەکات بۆ چەسپاندنی ئاسایش و پاراستنی سەروەریی نیشتمانیی خۆی.
ناوبراو ڕوونیکردەوە کە بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادرێت خاک یان ئاسمانی وڵاتەکە ببێتە شوێن یان سەکۆیەک بۆ ئەنجامدانی هەر دەستدرێژی و هێرشێک بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ، بەڵکو عێراق دەیەوێت ڕۆڵی هەبێت لە بەهێزکردنی ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکەدا.
هەر لەم بەسەرکردنەوەیەدا، فەرماندەی گشتی گوێبیستی پلانی ستراتیژیی ساڵانی ٢٠٢٦-٢٠٣١ بوو بۆ پەرەپێدانی تواناکانی چاودێریی ڕاداری و سیستەمەکانی چەک و کۆنترۆڵ.
زەیدی ئاماژەی بەوە کرد کە بەرگریی ئاسمانی بە قەڵغانی پاراستنی عێراق دادەنرێت و بونیادنانی هێزێکی بەتوانا پایەیەکی سەرەکییە بۆ سەربەخۆیی بڕیارە سیاسی و سەربازییەکانی وڵات.
لە کۆتاییدا، ناوبراو بڕیاری دا بە دابینکردنی تەواوی پێداویستییە تەکنەلۆجی و جەنگییەکان بۆ ناوەندی ئۆپەراسیۆنەکانی فەرماندەیی بەرگریی ئاسمانیی عێراق.
