کەرتی تەندروستی لە سلێمانی لەبەردەم مەترسیی پەککەوتندایە

کەرتی تەندروستی لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەهۆی نەبوونی دەرمان و پێداویستیی پزیشکییەوە ڕووبەڕووی قەیرانێکی قورس بووەتەوە و بۆ ماوەی چوار مانگی لەسەریەک دابینکردنی دەرمان بۆ نەخۆشخانەکانی شارەکە ڕاگیراوە، ئەمەش مەترسییەکی گەورەی لەسەر ژیانی هەزاران نەخۆش دروستکردووە و هۆشداری دەدرێت لە ئەگەری ڕاگرتنی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان.

هۆکاری سەرەکیی ئەم کێشەیە بۆ خەرجنەکردنی شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکانی دەرمان لەلایەن وەزارەتی داراییەوە دەگەڕێتەوە.

لە ئێستادا بڕی قەرزە کەڵەکەبووەکانی تێچووی دەرمان لای وەزارەتی دارایی گەیشتووەتە زیاتر لە 50 ملیار دینار، بەهۆی خەرجنەکردنی ئەو پارەیەشەوە کۆمپانیاکان بۆ ماوەی چوار مانگە هیچ جۆرە پێداویستییەکی پزیشکییان بۆ سنوورەکە دابین نەکردووە.

یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا هۆشداری دەدات، کە ئەگەر لە ئایندەیەکی نزیکدا کێشەکە چارەسەر نەکرێت، بە ناچاری بەشێک لە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بەڕووی نەخۆشەکاندا ڕادەگرن، چونکە توانای بەردەوامبوونیان نەماوە.

هاوکات مازن فریا، بەڕێوەبەری کۆگاکانی دەرمان لە سلێمانی ڕایگەیاندووە؛ کۆگاکانی دەرمانی شارەکە بە تەواوی خاڵی بوونەتەوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردووە کە سەرجەم داواکارییەکانیان بۆ دابینکردنی بودجەی پێویست بێ وەڵام ماوەتەوە، ئەمەش شادەماری تەندروستیی شارەکەی ڕووبەڕووی پەککەوتن کردووەتەوە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە