بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستانی کەرکوک-گەرمیان دەڵێت، پێگەی کورد لە پۆستە کارگێڕییەکانی کەرکوکدا لاواز بووە و زۆرینەی پۆستەکان عەرەب دەستی بەسەردا گرتووە دەشڵێت: کاتی ئەوە هاتووە هاوسەنگی بگەڕێندرێتەوە.
هیوا ئەحمەد مستەفا، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکوک-گەرمیان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی وتی، “ئێستا هاوسەنگیی کارگێڕی لە کەرکوک تێکچووە و غەدر لە کورد دەکرێت، بەجۆرێک كە زۆرینەی پۆستەکان بەر عەرەب کەوتوون.
وتیشی، “پرۆسەی تەعریب بەردەوامە، تا ئەو ئاستەی سوپا ڕێ لە جووتیارانی کورد دەگرێت لە کێڵانی زەوییەکانیان. بۆ بەزاندنی ئەم دۆخەش پێویستە لێکتێگەیشتن لەگەڵ عەرەب و سەرکردایەتیی سیاسی لە بەغدا بێتە ئاراوە، بۆ سەرلەنوێ دروستکردنەوەی هاوسەنگی، چونكە لە سەردەمی پارێزگاری پێشووی کەرکوک، ڕاکان جبوری کە عەرەب بوو، زیاتر لە ٧٢ هەزار عەرەبی هاوردە هێنراونەتە شاری کەرکوک، ئەمەش بەپێی ماددەی ١٤٠ ڕێکارێکی تەواو نایاساییە و بە ئامانجی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە ئەنجام دراوە.”
دەشڵێت، “لایەنەکانی دیکە کەڵکیان لە ناتەبایی ناوخۆیی کورد و ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ وەرگرتووە بۆ سەپاندنی ئەجێنداکانیان، بەجۆرێک تا ئێستاش ماڵی زۆرێک لە کادیرانی پارتی لە کەرکوک بە داگیرکراوی ماونەتەوە”.
جەختیشیکردۆتەوە، ئێستا کاتی ئەوە هاتووە سەقامگیری و هاوسەنگی بۆ هەموو پێکهاتەکانی کەرکوک بگەڕێتەوە.
