کۆتایی بە چاودێریی نەریتی هات.. ڕێنماییەک بۆ پاراستنی منداڵەکەت لە سەردەمی ژیریی دەستکرددا.
بەهۆی پێشکەوتنی خێرای ئامرازەکانی ژیریی دەستکرد و دروستبوونی روبۆتی چات، شێوازەکانی چاودێریی نەریتی و بەربەستکردنی ماڵپەڕەکان بێسوود بوون.
دەستەی سەلامەتیی ئۆنلاینی ئوسترالیا هۆشداری دەدات لە بڵاوبوونەوەی بەرنامەکانی “هاوڕێی دیجیتاڵی” (Digital Companionship) کە زۆربەیان بێ چاودێریی تەمەن و کۆنترۆڵی باوانن.
جیاوازیی گەورە لە نێوان سەکۆ بەناوبانگەکاندایە؛ ChatGPT چاودێرییەکی وردی بەخشیوەتە باوان، Gemini پشتی بە سیستمی گشتیی گووگڵ بەستووە، و Claude بە تەواوی ئامرازەکانی چاودێری ڕەت دەکاتەوە.
چۆن چاودێریی نەریتی شکست دەهێنێت؟
پێشتر باوان دەیانتوانی لە ڕێگەی فلتەر (Filter) و بلۆککردنی ماڵپەڕەکانەوە ڕێگە لە ناوەڕۆکی نەشیاو بگرن. بەڵام ژیریی دەستکرد ناواخنێکی پێشوەختە تۆمارکراو نانیشاندەدات، بەڵکو وەڵامی دەستبەجێ و نوێ بۆ هەر پرسیارێک دروست دەکات، ئەمەش وا دەکات پشکنینی دەرەکی بێسوود بێت و پێویستی بە بەڕێوەبردنی ناوخۆیی خودی بەرنامەکە هەبێت.
جیاوازیی سەکۆکان لە جێبەجێکردنی چاودێریدا
- سەکۆی ChatGPT:
- هەژماری تایبەت بە منداڵان دابین دەکات لەژێر چاودێری و سەرپەرشتیی باواندا.
- خاوەنی تایبەتمەندیی ئاگادارکردنەوەی مەترسییەکان، دیاریکردنی کاتی بەکارهێنان، باری فێربوون (کە وەڵامی ئامادەکراو ناداتە منداڵ)، و سڕینەوەی زانیارییەکانی منداڵەکە لە ڕاهێنانی مۆدێلەکەدا.
- سەکۆی Gemini:
- پشتی بە سیستمی (Google Family Link) بەستووە.
- خۆکارانە دروستکردنی وێنە و ناوەڕۆکی هەستیار بەربەست دەکات، بەڵام بڕیاری دروست لەسەر داڕشتنی وەڵامەکان یان بینینی دەقی چاتەکان بە باوان نادات.
- سەکۆی Claude:
- هیچ ئامرازێکی چاودێری پێشکەش ناکات، بەو پاساوەی بەرهەمەکەیان تەنها بۆ گەورەساڵان و کار و پیشەیە.
مەترسییە دەرونی و کۆمەڵایەتییەکان
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕێکخراوی یونیسێف، پرۆفیسۆر یینگ شو لە زانکۆی هارڤارد ئاماژەی بەوە کرد کە مەترسییەکە تەنها زانیارییە کەسییەکان نییە، بەڵکو پەیوەندیدارە بە چۆنیەتیی گەشەی مێشکی منداڵ و دروستکردنی پەیوەندییەکان.
ڕوبۆتەکانی ژیریی دەستکرد وا بەرنامەڕێژ کراون هەمیشە هاوڕا و پشتگیریکاری بەکارهێنەر بن. کاتێک منداڵێک کاتێکی زۆر لەگەڵ ئامێرێک بەسەر دەبات کە هیچ کات ڕەخنەی لێ ناگرێت، چەمکێکی هەڵەی لەسەر هاوڕێیەتیی واقعی بۆ دروست دەبێت کە بەردەوام تێیدا چاوەڕێی ڕەزامەندیی لایەنی بەرامبەر دەکات.
ڕێنماییەکان بۆ باوان
- گفتوگۆی کراوە: زانیاریدان بە منداڵان لەسەر ڕاستیی ژیریی دەستکرد بەبێ پەنابردنە بەر حەرامکردنی تەواوەتی.
- جیاکردنەوەی بەرنامەکان: ناسینەوەی ئەو بەرنامانەی بۆ خوێندن بەکاردێن لەوانی دیکە کە بۆ کات بەسەربردن و چاتکردنن.
- هاوسەنگیی دیجیتاڵی: هاندانی منداڵان بۆ چالاکیی جەستەیی و پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی واقعی لەبری بەسەربردنی کاتی زۆر لەگەڵ ئامێرە زیرەکەکان.
