بافڵ تاڵەبانی و عەباس عێراقچی بە تەلەفۆن قسەیان کرد

بافڵ تاڵەبانی و عەباس عێراقچی لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و سنورەکان قسەیان کرد و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیان بەتایبەتی ناوچەی سلێمانی جەختی لێ‌ كرایەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، عەباس عێراقچی، وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا جەختیان لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان، بەهێزکردنی هەماهەنگییە ئەمنییەکان لە سنوورە هاوبەشەکان و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کردەوە.

بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، وەزیری کاروباری دەرەوە سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ پێشوازی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە زیارەتکارانی چلە “ئەربەعین” دەربڕی.

ئاماژە بەوەشدراوە، بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەرێمی کوردستانی عێراق، بەتایبەتی ناوچەی سلێمانی بە جەختکردنەوە لەسەر پەرەپێدان و فراوانکردنی هاوکارییە ئابووری و بازرگانییەکان تاوتوێ کرا.

بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، جەختیان لەسەر پێویستیی بەهێزکردنی هەماهەنگی و هاوکارییە ئەمنییەکان کردەوە بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی سنوورە هاوبەشەکان.

عێراقچی و تاڵەبانی جەختیان كردەوە لەسەر دەستەبەرکردنی سەقامگیری لە ناوچە سنوورییەکان و بەرەنگاربوونەوەی کاریگەرانەی هەڕەشە تیرۆریستییەکان لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی ئەمنی لەنێوان ئێران و عێراقدا.

لای خۆشییەوە، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی یەکێتی بڵاویکردەوە؛ لە پەیوەندییەکەدا، هەردوولا بیروڕایان دەربارەی دوا پێشهاتە ئەمنی، سیاسی و ئابوورییەکانی ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کرد و تاوتوێی رێگەچارەکانی کۆتاییهێنان بە ئاڵۆزییەکانی ئێستایان کرد.

جەختیان لە گرنگیی پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری و بەهێزکردنی هەماهەنگی لە رووبەڕووبوونەوەی ئاڵەنگارییە هاوبەشەکاندا کردەوە.

سەرۆکی یەکێتی جەختی لە گرنگیی بەردەوامیی دیالۆگ و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان کردەوە وەک کاریگەرترین رێگا بەرەو هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکان، گەڕاندنەوەی ئاشتی و سەقامگیری، و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هەموو گەلانی ناوچەکە.

دەستخۆشی لە وەزیری دەرەوەی ئێران عەباس عێراقچی کرد بۆ هەوڵە بەردەوامە دیپلۆماسیی و بنیاتنەرەکانی لە گەڕان بەدوای چارەسەری ئاشتییانە بۆ ململانێکان و سەقامگیرییەکی فراوانتردا.

لە درێژەی گفتوگۆکاندا، وەزیری دەرەوەی ئێران بانگهێشتی بافڵ تاڵەبانی کرد بۆ تاران بەمەبەستی گفتوگۆی زیاتر لەسەر لێکەوتە ئەمنی و ئابوورییەکانی ململانێکان لەسەر ئاستی ناوچەکە و نێودەوڵەتی.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە