موجتەبا خامنەیی؛ ٦ فەرماندەی ئاستبەرز لە سوپای ئێران و سوپای پاسداران دیاری کران.
موجتەبا حسێنی خامنەیی، ڕێبەری باڵا و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران، لەڕێگەی دەرکردنی چەند بڕیارێکی جیاوازەوە ٦ فەرماندەی ئاستبەرزی لە ئەرکانی گشتی، سوپای پاسداران، هێزی دەریایی و بەسیج دەستنیشان کرد.
بەپێی بڕیارەکان، پۆستی سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکان سپێردرا بە مەیجەر جەنەراڵ عەلی عەبدوڵڵاهی.
هەروەها گۆڕانکاریی جەوهەری لە سەرکردایەتیی گشتیی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی و هێزەکانی بەسیجدا ئەنجام درا.
وردەکاریی دامەزراندن و پلەبەرزکردنەوەی فەرماندە نوێیەکان:
- جەنەراڵی فڕۆکەوان عەلی عەبدوڵڵاهی : سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکان.
- کیومەرس حەیدەری : جێگری سەرۆکی ئەرکانی گشتی.
- ئەحمەد وەحیدی دوای بەرزکردنەوەی پلەکەی بۆ “جەنەراڵ” : فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران.
- مستەفا ئیزەدی : جێگری فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران.
- عەلی عەزمایی : فەرماندەی هێزە دەریاییەکانی سەر بە سوپای پاسداران.
- حسین تائیب : سەرۆکی ڕێکخراوی “بەسیج”.
ئەم بڕیارانەی ڕێبەری نوێی ئێران بە هەنگاوێکی بەپەلە و ستراتیژی دادەنرێت بۆ دەستنیشانکردنی بڕیار بەدەستانی نوێ لە سەرەوەی هەڕەمی سەربازی و ئاسایشیی وڵاتەکە. دیاریکردنی ناوە ناسراوەکانی وەک ئەحمەد وەحیدی و حسین تائیب لە پۆستە هەستیارەکانی وەک سوپای پاسداران و بەسیج، هێمایەکە بۆ بەهێزکردنی ڕیزەکانی ناوخۆ، توندکردنەوەی کونترۆڵی ئاسایشی و ئامادەکاری بۆ هەموو پێشهاتە سەربازی و نێودەوڵەتییەکان.
