ترەمپ بژاردەی هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی لەسەر ئێران تاوتوێ دەکات؛ مەرجی سەرەکی ئاشکرا دەکرێت.
ڕۆژنامەی “وۆڵ ستریت جۆرناڵ”ی ئەمریکی بڵاویکردەوە کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا تاوتوێی هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی سەر ئێران دەکات.
مەرجی سەرەکیی ئەمریکا بۆ ئەم هەنگاوە، ڕێگەدان بە کردنەوەی تەواوەتیی گەرووی هورمز و ئاساییکردنەوەی کەشتیوانییە.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ترەمپ ئامادەیە ڕاگرتنی تەقەکردن درێژ بکاتەوە، بە مەرجێک ئێران بەرنامە ئەتۆمییەکەی سنووردار بکات یان لەپاشەکشەدا بێت.
ئەم دانوستانە نوێیانە لە چوارچێوەی هەوڵەکاندایە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی نوێ لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی و ئاسایشی دەریاوانی.
ڕۆژنامەی “وۆڵ ستریت جۆرناڵ” لە زاری بەرپرسانی ئەمریکییەوە ئاشکرای کردووە کە واشنتن ئامادەیی نیشانداوە پاشەکشە لە گەمارۆ دەریاییەکان بکات. هاوکات ترەمپ مەرجی درێژکردنەوەی ئاگبەستی بەستووەتەوە بە دوو خاڵی جەوهەرییەوە:
- نەهێشتن و سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.
- دەستپێکردنەوەی بێ کۆسپ و سەلامەتیی جووڵەی کەشتیوانی لە گەرووی هورمزدا.دانانی ئەم مەرجانە لە کاتێکدایە کە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لە حەوزی کەنداو زیادیان کردووە. ئامانجی ئەمریکا بەستنەوەی ئاسایشی ڕێڕەوە دەریاییەکانە بە دۆسیەی ئەتۆمیی ئێرانەوە، تاوەکو ڕێگری لە قەیرانی ئابووریی جیهانی و بەرزبوونەوەی نرخی وزە بگرێت.
گەرووی هورمز یەکێکە لە گرنگترین ڕێڕەوە ئاوییەکانی جیهان بۆ گواستنەوەی نەوت، و هەر جۆرە تێکچوونێک لە کەشتیوانیدا ڕاستەوخۆ کاردانەوەی لەسەر ئابووریی جیهانی دەبێت. هاوکات بوونی گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکا و ئاڵۆزییەکانی ڕابردوو وایکردووە هەردوولا لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە بەدوای دەستکەوتی سیاسی و سەربازیدا بگەڕێن بەرامبەر ئاساییکردنەوەی ڕەوشەکە.
