گرووپی حووسییەکانی یەمەن ڕایانگەیاند;لە ڕێگەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە هێرشیان کردووەتە سەر پاڵاوگەیەکی نەوتی کۆمپانیای ئارامکۆ لە ناوچەی جازان، کە دەکەوێتە باشووری ڕۆژئاوای عەرەبستانی سعوودیە و هێرشەکە بە سەرکەوتوویی و بە وردی ئامانجەکەی پێکاوە.
یەحیا سەریع، وتەبێژی سەربازیی حووسییەکان ڕوونیکردەوە، ئەم هێرشە وەک وەڵامێک بووە بۆ بەزاندنی ئاسمانی پارێزگاکانی سەعدە و حەججە لە باکووری یەمەن لەلایەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی سعوودیەوە.
وتەبێژەکە هیچ ئامار یان زانیارییەکی سەبارەت بە قەبارەی زیانە ماددی یان گیانییەکانی ئەم هێرشە ئاشکرا نەکردووە.
لایەنی سعوودی و کۆمپانیای ئارامکۆ تا ئێستا هیچ لێدوان یان ڕوونکردنەوەیەکی فەرمییان بۆ پشتڕاستکردنەوە یان ڕەتکردنەوەی ئەم هێرشە بڵاونەکردووەتەوە.
ئەم هێرشە نوێیە لە چوارچێوەی ململانێ درێژخایەنەکانی نێوان حووسییەکان و هاوپەیمانیی عەرەبیدا دێت کە تێیدا لە ڕابردووشدا چەندین جار دامەزراوە نەوتییەکانی سعوودیە کراونەتە ئامانج.
