عێراقچی: لەگەڵ عومان کار لەسەر ڕێڕەوێکی نوێی دەریایی دەکەین

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئاشکرای کرد کە لە ئێستادا هیچ جۆرە گفتوگۆیەکی ڕاستەوخۆ لە نێوان تاران و واشنتندا نییە. ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا تەنیا لە ڕێگەی ئاڵوگۆڕی پەیام و بەهۆی نێوەندگیرەکانەوە ئەنجام دەدرێت، ئەمەش بە دانوستانی سیاسی هەژمار ناکرێت.

وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی لەوە کردەوە کە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان لەگەڵ ئەمریکا کارێکی ئەستەمە، مەگەر ئەوەی واشنتن کۆتایی بە پێشێلکردنی لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئاباد بهێنێت و قەرەبووی پێشێلکارییەکانی ڕابردووی بکاتەوە.

عێراقچی ڕوونیشی کردەوە؛ سەرەڕای هەوڵی هەندێک لە وڵاتانی نێوەندگیر بۆ ڕەخساندنی زەمینەی گفتوگۆ، بەڵام هەڵوێستی وڵاتەکەی لەمبارەیەوە نەگۆڕە.

عێراقچی ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ عومان کرد سەبارەت بە دیاریکردنی ڕێڕەوێکی دەریایی نوێ لە گەرووی هورمز، بە وتەی ئەو، کارەکانی ئەم پڕۆژەیە گەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی و ڕێڕەوە کۆنەکان دەگۆڕدرێن، لە کاتێکدا پسپۆڕان سەرقاڵی کێشانی نەخشە نوێیەکانن.

لە کۆتاییدا، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەوەی ڕوونکردەوە کە ئەم ڕێککەوتنە دەریایییە نوێیە بە مانای کردنەوەی تەواوەتیی گەرووی هورمز نایەت، ئەو جەختی کردەوە کە کردنەوەی گشتیی گەرووەکە بەستراوەتەوە بە کۆمەڵێک مەرجی دیاریکراوەوە کە پێویستە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە تەواوی پابەندیان بێت.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە