ئەمڕۆ کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتیی تۆڕەکانی گواستنەوەی وزە لە باکووری پارێزگای بەسرە، بەهۆی دواکەوتنی مووچەکانیان بۆ ماوەی زیاتر لە ٤٢ ڕۆژ، گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا. خۆپیشاندەران داوایانکرد کێشەی دواکەوتنی شایستە داراییەکانیان بە زووترین کات چارەسەر بکرێت.
بەشداربووانی خۆپیشاندانەکە داوایان لە وەزارەتی کارەبا کردووە کە وەزارەتی دارایی پابەند بکات بە دیاریکردنی کاتێکی جێگیر لە نێوان ٢٠ بۆ ٢٥ی هەموو مانگێکدا بۆ دابەشکردنی مووچەکانیان.
هەروەها داوای هەڵوەشاندنەوەی سیستمی پەنجەمۆری دووەمیان بۆ کارمەندانی مەیدانی و کارە دەرەکییەکان کرد کە بووەتە هۆی دروستبوونی ئاستەنگ بۆ کارەکانیان.
یەکێکی دیکە لە داواکارییەکانی فەرمانبەرانی ناڕازی، پەلەکردن بوو لە دابەشکردنی ئەو زەوییانەی کە مافی ٦٥٠ بۆ ٧٠٠ فەرمانبەرە و تا ئێستا وەریان نەگرتووە.
ئەم ناڕەزایەتییانە لە کاتێکدایە کە حکومەتی عێراق بەدەست قەیرانی نەختینەییەوە دەناڵێنێت، کە بووەتە هۆی دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران، لە لایەکی دیکەشەوە لە چەند شارێکی جیاوازی عێراق بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری و هەلی کارەوە خۆپیشاندان ئەنجامدراون.
