عێراق؛ هۆشداری لە ئەگەری چاپکردنی دراوی نوێ دەدرێت

عێراق بەدەست قەیرانێکی قووڵی داراییەوە دەناڵێنێت کە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران دروست کردووە، لەم دواییانەشدا دواکەوتنی بەرچاو لە پێدانی مووچەکاندا بەدیکرا، ئەمەش دەنگۆی ئەوەی لێکەوتەوە کە حکومەت بۆ پڕکردنەوەی کەمیی نەختینە پەنا بباتە بەر چاپکردنی دراوی نوێ؛ هەنگاوێک کە لەلایەن شارەزایانی ئابوورییەوە بە مەترسیدار وێنا دەکرێت و هۆشداری لە لێکەوتە خراپەکانی دەدرێتەوە.

ئامارەکانی جێبەجێکردنی بودجە نیشانیدەدەن کە داهاتی گشتی عێراق لە پێنج مانگی یەکەمی ساڵدا گەیشتووەتە ٣٣.٧٤٧ تریلیۆن دینار، لە کاتێکدا خەرجییەکان ٤٥.٠٧٠ تریلیۆن دینار بوون، ئەمەش کورتهێنانێکی کرداری بە بڕی ١١.٣٢٣ تریلیۆن دینار نیشان دەدات.

شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن کە دابەزینی نرخی نەوت و قاچاخچێتی و هێنانی دراوی ساختە لە وڵاتانی دراوسێوە، بارگرانییەکی زیاتریان بۆ سەر ئابووری وڵاتەکە دروست کردووە و بیرهێنانەوەی قۆناغەکانی پێشووی دابەزینی بەهای دینارە بەرامبەر بە دۆلار.

لە لایەکی دیکەوە، بەرپرسان و پەرلەمانتاران پشتڕاستی دەکەنەوە کە کێشەی کورتهێنانی دارایی هەیە کە ڕێگرە لە دابەشکردنی ئاسایی مووچە، بەڵام ئەگەری وەستانی تەواوەتی دابەشکردنی مووچە ڕەتدەکەنەوە.

بەپێی وتەی پەرلەمانتاران، دەوڵەت بۆ دابینکردنی مووچە پەنا بۆ قەرزکردنی مانگانە دەبات و ڕەنگە تەنها دواکەوتنی کاتی ڕووبدات، بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخەش، پێشنیاری جۆراوجۆرکردنی دەروازەکانی هەناردەکردنی نەوت، وەک هەناردەکردن لە ڕێگەی تورکیاوە، و داڕشتنی پلانی ستراتیژی دەکرێت بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە داهاتە سنووردارەکان.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە