دانا حامید
ئەم ڕێککەوتنە هاوبەشە بەرگرییە لە نێوان سعودیە و پاکستان و تورکیادا ئامانجی بەهێزکردنی ڕێگری هاوبەشە لە بەرامبەر هەر دەستدرێژییەک. مەرجی ئەوەی داناوە کە هەر هێرشێکی چەکداری بۆ سەر هەریەکێک لەو وڵاتانە بە هێرش بۆ سەر هەر سێ وڵاتەکە هەژمار دەکرێت و تیشک دەخاتە سەر پەرەپێدانی هەموو لایەنەکانی هاوکاری بەرگری لە نێوانیاندا.
ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە:
ڕێککەوتنی بەرگری هاوبەشی مەککە ئامانجی بەرزکردنەوەی ڕێگری هاوبەشە لە نێوان سعودیە و پاکستان و تورکیا لە دژی هەموو جۆرە دەستدرێژییەک. هەروەها مەرجی ئەوەی هەیە کە “هەر هێرشێکی چەکداری بۆ سەر هەریەکێک لەو سێ وڵاتە هێرشە بۆ سەر هەمووان”، هەروەها گرنگی بە پەرەپێدانی هەموو لایەنەکانی هاوکاری بەرگری نێوان سێ وڵاتی هاوپەیمان دەدات.
ڕێککەوتنەکە ڕۆژی هەینی ٧ی ئابی ٢٠٢٦ لە مەککە لەلایەن شازادەی جێنشینی سعودیە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان واژۆ کرا.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە واژۆکردنەکە لە پەیوەندییە مێژووییە قووڵە چەسپاوەکانی نێوان هەر سێ وڵات و پەیوەندییەکانی برایەتی و هاودەنگی ئیسلامی کە یەکیان دەخات و بەرژەوەندییە ستراتیژییە هاوبەشەکانیان و هاوکاریی بەرگریی نزیکیان سەرچاوەی گرتووە.
ڕێککەوتنی هاوبەشی بەرگریی مەککە ڕەنگدانەوەی پابەندبوونی سێ وڵاتەکەیە بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی بەکۆمەڵیان و پشتیوانیکردن لە ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە و دەرەوەی ناوچەکە. هەروەها توانای ئەوەیان پێدەدات کە هێزی بەرگری و ڕێگری ستراتیژی خۆیان پەرەپێبدەن و کاربکەن بۆ پەرەپێدان و یەکخستنی تواناکانی بەرگریکردنیان.
ئامادەکاری بۆ ڕێککەوتنەکە
هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا پێشتر لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦ ڕایگەیاندبوو کە وڵاتەکەی بۆ ئەنجامدانی ڕێککەوتنی بەرگری لەگەڵ پاکستان و سعودیە دانوستان دەکات.
ڕێککەوتنەکە مانای چییە؟
ڕێککەوتنەکە جیاوازە لە ڕێککەوتنە بەرگرییە دووقۆڵییەکانی ئێستا، لەوانەش ڕێککەوتنی بەرگریی نێوان سعودیە و پاکستان، بەو پێیەی چوارچێوەیەکی بەرگری سێ قۆڵی دامەزراندووە کە ڕیاز و ئەنقەرە و ئیسلام ئاباد کۆدەکاتەوە. ئەم چوارچێوەیە لەسەر بنەمای بەرگری هاوبەش دامەزراوە، کە هەر هێرشێک بۆ سەر یەکێک لەو سێ وڵاتە بەهێرش بۆ سەر تەواوی سیستەم دادەنرێت.
ڕێککەوتنی هاوبەشی بەرگریی مەککە لوتکەی هەوڵە سیاسی و دیپلۆماسییە بەردەوامەکانە، لەبەر ڕۆشنایی پێشهاتەکانی ناوچەکە و پەرەسەندنی نیگەرانییەکانی پەیوەست بە ئاسایشی ناوچەکە و سەلامەتی ڕێگا دەریاییەکان.
بەگوێرەی سەرچاوەکان، ڕەنگە لە ماوەی داهاتوودا دامەزراندنی بارەگایەک بۆ بەڕێوەبردن و ڕێکخستنی هاوکارییەکان ڕابگەیەندرێت و ڕیاز شوێنی سەرەتایی پێشنیارکراوی ئەم چوارچێوەیە بێت.
بڕیاربوو ڕێککەوتنەکە لە چەند مانگی داهاتوو واژۆ بکرێت، بەڵام جەنگی ئێران و ئەمریکا، مەترسیی گرووپە چەکدارەکانی عێراق و حووسییەکان بۆ سەر سعودیە، کاتی واژۆکردنی ڕێککەوتنەکەی پێشخست.
تورکیا خاوەنی دووەم گەورەترین سوپای ناتۆیە، سعودیە گەورەترین هەناردەکاری نەوتە و شوێنە پیرۆزەکانی ئیسلامی لێیە، پاکستانیش تاکە وڵاتی موسڵمانە کە خاوەنی چەکی ئەتۆمییە.
