جۆ بایدن لە ئازارێکی قورسدایە… شێرپەنجەکەی تەشەنەی کردووە

هانتر بایدن، کوڕی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا جۆو بایدن، دۆخی تەندروستیی باوکی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، شێرپەنجەی پرۆستاتەکەی لە ئێسکەکانی تێپەڕیوە و بۆ شوێنەکانی دیکەش تەشەنەی کردووە و ئازارێکی زۆر قورسی بۆ دروستکردووە.

هانتر بایدن لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ بەرنامەی (نیوزنایت)ی کەناڵی بی بی سی وتی: “شێرپەنجەکە تەشەنەی کردووە بۆ ئێسکەکانی و لەوەش زیاتر گوازراوەتەوە.. ئازارێکی زۆر قورس و ماندوکەرە لە زۆر رووەوە”.

لە بەرامبەردا وتەبێژی سەرۆکە دیموکراتەکەی پێشووی تەمەن 83 ساڵ، رەتیکردەوە هیچ لێدوانێک لەسەر چاوپێکەوتنەکەی هانتر بایدن بدات.

جۆو بایدن لە مانگی ئایاری 2025، واتە کەمتر لە چوار مانگ دوای جێهێشتنی کۆشکی سپی، ئاشکرای کرد کە تووشی “جۆرێکی شێرپەنجەی پرۆستاتی شەڕانگێز” بووە و لەو کاتەدا وتی نەخۆشییەکە بۆ ئێسکەکانی تەشەنەی کردووە.

وتەبێژێکی بایدن لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردوودا رایگەیاندبوو کە لەژێر چارەسەری تیشک و چارەسەری هۆرمۆنیدایە.

جۆو بایدن بەتەمەنترین کەس بوو کە لە مێژووی ئەمریکادا لە هەڵبژاردنی ساڵی 2020دا سەرکەوتنی بەدەستهێنا و بوو بە سەرۆک.

تەندروستی جەستەیی و هزری بایدن لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا لە 2021 تا 2025 کەوتە بەر لێکۆڵینەوەی ورد.

بایدن لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا لە شیکاگۆ بەشداری لە مەراسیمی کردنەوەی کتێبخانەی سەرۆکایەتی باراک ئۆباما کرد. بایدن لە ساڵی 2009 تا 2017 لە سەردەمی ئۆبامادا جێگری سەرۆک بوو.

بڕیارە یاداشتەکانی سەرۆکایەتی بایدن لە 17ی نۆڤەمبەری داهاتوودا بڵاوبکرێتەوە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە