وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی لەبارەی دۆخی ئێستای کوردستان ڕایگەیاند و دەڵێت: گرنگە لە کۆبوونەوەی داهاتوو بە ئەنجامێک لێی دەربچین، نەک کۆبوونەوە لە پێناو کۆبوونەوە بێت.
مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لێدوانێكی بۆ میدیاكان ڕایگەیاند، کۆبوونەوەمان زۆر کردووە و کۆمەڵێک کاغەزیش واژۆ کراون، هەندێک شت ماون پێویستیان بە کۆبوونەوەی زیاتر هەن هەندێک لایەن هەن چارەسەری ئەوە دەکەن.
ڕاشیگەیاندووە، هەوڵەکانی پارتی ئەوەیە هەرچی زووترە پەرلەمان کارا بکرێتەوە، چونكە پارتی هەوڵەکانی بۆ ئەوەیە ڕێککەوتن بکرێت نەک هەڵبژاردن بکرێتەوە.
وتیشی، “بە پەیامی بارزانی ئەو بەستەڵەکەی هەبوو شکا، ئێستا کاتی ئەوەیە کار بکەین و چۆن پەرلەمان کارا بکرێتەوە”.
سەبارەت بە دیاریکردنی وادەیەک بۆ کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی، وتەبێژی پارتی دەڵێت: ئێمە هەوڵەکانمان ڕاناوەستێت و ئاستەنگەکان لادەدەین. پێشبینی دەکەین بە ئەنجامێک بگات.
لەبارەی قسەی ئەم دواییەی پارێزگاری کەرکوک، وتەبێژی پارتی دەڵێت: شێوازێک بوو دیقەتی تێدا نەبوو. لەگەڵ دۆخی کەرکوک نەگونجاو بوو. ئێمە پێمان وایە کەرکوک شارێکە کەرکوکیەکان دەبێت دیاری بکەن، کەرکوک شارێکی پێکەوەژیانی هەموو لایەکانە، بەڵام بە ناسنامەی کوردستانی، هەر کەسێک بەرپرسیار بێت لە کەرکوک ئەمە لەبەرچاو بگرێت و هەوڵی ئاژاوە نەدات، ئەو ئارامییەی هەیە تێکی نەدات.
جەختیشی كردەوە، پێویستمان بە پێداچوونەوە هەیە ناوەندێکی سەرکردایەتی لە بەغدا دروست بکەین، پێویستمان بە گۆڕانکاری لە شێوازی کارکردن هەیە، لە ڕووی سیاسی و بڕیارەوە ناوەندێکی سەرکردایەتی ئەم کارە بکات، بۆ پەیوەندی لەگەڵ کۆی ئەو لایەنە سیاسیانە.
