لە ڕۆژی جیهانیی پشیلەدا؛ ئامار، ڕەهەندە ژینگەیی و ڕەوشتییەکانی بەخێوکردنی پشیلە دەخرێنە ڕوو
ئەمڕۆ ٨ی ئاب، لە سەرانسەری جیهاندا یادی “ڕۆژی جیهانیی پشیلە” دەکرێتەوە. ئەم بۆنەیە لە ساڵی ٢٠٠٢دا لەلایەن سندوقی نێودەوڵەتی بۆ خۆشگوزەرانی ئاژەڵان (IFAW) جێگیر کرا، بە ئامانجی بەرزکردنەوەی هۆشیاریی کۆمەڵگەکان سەبارەت بە پاراستنی مافەکانی پشیلە و ڕێگری لە توندوتیژی بەرامبەریان.
پشیلە یەکێکە لە باوترین ئاژەڵە ماڵییەکان، کە مێژووی هاوڕێیەتیی لەگەڵ مرۆڤدا بۆ کۆنترۆڵکردنی ئافات و ڕێوڕەسمی جیاواز دەگەڕێتەوە. خەمڵاندنە جیهانییەکان ئاماژە بە بوونی ٢٠٠ تا ٦٠٠ ملیۆن پشیلە (ماڵی و بێلانە) دەکەن لە جیهاندا. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پلەی یەکەمدایە لەسەر ئاستی جیهان، بەدوای ئەویشدا چین و ڕووسیا دێن.
لە ئەمریکا، لە ساڵی ١٩٨٥ەوە ژمارەی پشیلە لە سەگ تێپەڕیوە؛ نزیکەی %30.4ی خێزانەکان پشیلەیان هەیە و %31ی ئەو پشیلانەش لە پەناگەی ئاژەڵانەوە وەرگیراون.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، جگه لە هاوڕێیەتی، لە هەندێک ناوچەی جیهاندا پشیلە تووشی پێشێلکاریی گەورە دەبێتەوە. لە هەندێک وڵاتدا وەک چین (بەتایبەت لە پارێزگای گوانگدۆنگ) ساڵانە ملیۆنان پشیلە بۆ گۆشتەکەیان سەردەبرێن. هەروەها لە ڕابردوودا لە هەندێک ناوچەی وەک سویسرا و چین مووی پشیلە بۆ مەبەستی بازرگانی و پزیشکیی فۆلکلۆری بەکار هاتووە، هەرچەندە لە ئێستادا بازرگانیکردن بە مووی پشیلە لە یەکێتیی ئەوروپا و زۆربەی وڵاتان قەدەغە کراوە.
ڕێکخراوی “ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە” جەخت دەکاتەوە کە پاراستنی مافی ئاژەڵان و دابینکردنی ژینگەیەکی ئارام بۆ بوونەوەرە بێزمانەکان، پێوەرێکی سەرەکیی پێشکەوتنی مەدەنیی کۆمەڵگەی بێ لایەنە، و داواکارە لەم ڕۆژەدا هۆشیاریی خێزانەکان بۆ بەخێوکردنی مرۆڤدۆستانە و کەمکردنەوەی ئازاردانی پشیلە لە شەقامەکاندا بەرز بکرێتەوە.
